رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەگەر هاوبەشە بازرگانییەکانیان رێککەوتن لەگەڵ واشنتن نەکەن، پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا لە 1ی ئابەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی رێژەی پێناسە گومرگییەکان گوتی، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ئاستە کە دۆناڵد ترەمپ لە 2ی نیساندا رایگەیاندبوو.
بێسێنت قسەکانی ترەمپی پشتڕاستکردەوە کە رۆژی هەینی لەنێو فڕۆکەی "ئێر فۆرس وەن"دا بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو و ئاماژەی بە وادەیەکی نوێ کردبوو: "باشە، رەنگە لە 1ی ئابەوە دەستیان پێبکەم."
ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، 12 نامەی واژۆ کردووە کە ئەگەری زۆرە رۆژی دووشەممە بنێردرێن.
ترەمپ لە مانگی نیساندا پێناسی گومرگی 10%ی لەسەر کاڵای نزیکەی هەموو هاوبەشە بازرگانییەکان سەپاند. بەڵام دواتر بڕیارەکەی تاوەکو 9ی تەممووز راگرت، بۆ ئەوەی رێگە بە ئەنجامدانی دانوستاندنی بازرگانی بدات.
وڵاتان هەوڵیانداوە بگەنە ئەو رێککەوتنانەی کە یارمەتییان دەدات لەم پێناسە گومرگییانە خۆیان بەدوور بگرن.
تاوەکو ئێستا، ئیدارەی ترەمپ رێککەوتنی لەگەڵ بەریتانیا و ڤێتنام ئاشکرا کردووە، هاوکات واشنتن و پەکین رێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی کاتیی ئەو باجە گومرگییە زۆر بەرزانەی لەسەر بەرهەمی یەکدییان سەپاندوویانە.
بێسێنت گوتی ئیدارەکە "نزیکە لە چەندین رێککەوتن." گوتیشی: "پێشبینی دەکەم لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین راگەیێندراوی گەورە ببینین."
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی 9ی تەممووز، ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە کە پلانی هەیە لە رێگەی ناردنی نامەوە وڵاتان لە رێژەی باجەکانی ئەمریکا ئاگادار بکاتەوە.
رۆژی هەینی لەنێو فڕۆکەی "ئێر فۆرس وەن"دا، ترەمپ گوتی ناردنی ئاگادارییەکان زۆر ئاسانتر دەبێت لە "دانیشتن و کارکردن لەسەر 15 شتی جیاواز... ئەمە ئەوەیە کە دەبێت بیدەن، ئەگەر دەتانەوێت بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ