بە ڤیدیۆ.. یەکەمین پاڵەوانێتیی جیهانیی تۆپی پێی رۆبۆتەکان لە چین

06-08-2025
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
یاریی تۆپی پێی رۆبۆتەکان لە چین.
یاریی تۆپی پێی رۆبۆتەکان لە چین.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەکین بووە گۆڕەپانی یەکەمین پاڵەوانێتیی جیهانیی تۆپی پێی رۆبۆتەکان. لەسەر چیمەنی سەوز، رۆبۆتەکان بە جووڵەی سەرەخۆ و بەپێی ئەو کۆدانەی بۆیان داڕێژراوە، شەڕی بردنەوەی ناسناوێک دەکەن کە لە داهاتوودا رەنگە لە مۆندیالی مرۆڤەکان گرنگتر بێت.
 
لە پاڵەوانێتییەکەدا کێبڕکێکاران لە 20 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کرد و هەر یانەیەک بە پێنج یاریزانی رۆبۆتەوە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. یاریزانە ئاسنینەکان، کە بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) بەرنامەڕێژ کراون، بۆ ماوەی 20 خولەک بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ هیچ کۆنترۆڵێکی دەرەکی یاری دەکەن.
 
مارشا، ئەندازیارێکی ژیریی دەستکرد لە زانکۆی ئەمستردام کە لە هۆڵەنداوە بەشدار بوو دەڵێت، "ئێمە نوێنەرایەتیی هەڵبژاردەی نیشتمانیی زانکۆی ئەمستردام دەکەین. ناتوانین لە کاتی یارییەکەدا کۆنترۆڵی رۆبۆتەکان بکەین، بەڵکو دەبێت پێشتر کۆدەکانیان بۆ دروست بکەین تاوەکو بە شێوەیەکی سەربەخۆ بزانن لە هەر دۆخێکی یارییەکەدا چی بکەن."
 
زۆرینەی بەشداربووان خوێندکارانی زانکۆن لە پسپۆڕییەکانی رۆبۆتیک و ژیریی دەستکرد، بەڵام تیمی قوتابخانەکانی ئامادەییش تێیدا بەشدارن و رکابەرێکی سەرسەختن. ژاو هاو ران، قوتابییەکی ئامادەییە لە پەکین و دەڵێت: "بە بەراورد لەگەڵ تیمەکانی تر، ئێمە بناخەیەکی پتەومان هەیە. زۆربەی تیپەکان مانگێک لەمەوبەر دەستیان بە ئامادەکاری کردووە، بەڵام رەنگە کاتی ئامادەکاریی ئێمە مانگێک بۆ دوو مانگ زیاتر بووبێت."
 
ئەم پاڵەوانێتییە تەنها یارییەک نییە، بەڵکو نمایشکردنی هێزی تەکنەلۆژیای چینە لەم بوارەدا. لیو مینگ، کاپتنی تیمی زانکۆی کشتوکاڵی چین، پێیوایە ئەم کێبڕکێیە "ئیلهامبەخش بووە بۆ خوێندکارانی چین کە هەوڵی زیاتر بدەن و متمانەیان بە پیشەسازیی رۆبۆت و ژیریی دەستکرد زیاتر بێت."
 
چین پێشەنگی جیهانە لە بەرهەمهێنانی رۆبۆتی زیرەک. بە جۆرێک، نێوبانگی تیمی رۆبۆتی چینی (T1) لە تیمی تۆپی پێی نیشتمانیی چین زیاترە. لە کۆی 300 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ لە جیهاندا، نیوەیان چینیین. پەکین پلانی وایە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ببێتە خاوەنی 10 هەزار رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤ و تاوەکو ساڵی 2030ش ئەو ژمارەیە بۆ یەک ملیۆن رۆبۆت بەرزبکاتەوە.
 
ژۆو چانگ جیو، سەرۆکی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ مۆندیالی رۆبۆتیک، ئاڵنگارییەکانی یارییەکە روون دەکاتەوە و دەڵێت: "لەم یارییەدا 10 رۆبۆت لە یاریگەدان، بۆیە دەبێت ئەندامانی تیمەکە لە یەکتر تێبگەن. هەماهەنگیی نێوانیان زۆر گرنگە."
 
بەهای بازاڕی رۆبۆت لە جیهاندا زیاترە لە 60 ملیار دۆلار، کە سێ ملیار دۆلاری تایبەتە بە رۆبۆتە هاوشێوەی مرۆڤەکان. چین بە رێکخستنی ئەم جۆرە پاڵەوانێتییانە، نەک تەنیا هێزی پیشەسازیی خۆی نمایش دەکات، بەڵکو ئەو پرسیارەش لە مێشکی مرۆڤدا دروست دەکات: ئایا رۆژێک دێت رۆبۆتەکان ئەوەندە زیرەک و پێشکەوتوو بن، مرۆڤ بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەوان؟

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.