رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردندا لە بنکەی سەربازیی فۆرت ستیوارت لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا، 5 سەربازی بنکەکە بریندار بوون و دواتر، هێرشکارەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، بنکەی سەربازیی فۆرت ستیوارت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە کەسێک تەقەی بەنێو بنکە سەربازییەکەدا کردووە و 5 سەربازی ئەمریکی بریندار کردووە، بەڵام سەرجەم سەربازە بریندارەکان لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری سەرەتاییان بۆ کرا و دواتر گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سوپا بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر.
بەپێی زانیاریی بنکە سەربازییەکە، ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بنکەکە بە تەواوی داخراوە.
رووداوەکە لە کاژێر 11ـی بەیانی بەکاتی ئەمریکا روویداوە و تەقەکەرەکە لە ماوەی کەمتر لە 40 خولەکدا دەستگیرکراوە و ئێستا هێرشکارەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامە یان هۆکاری هێرشەکە نازانرێت.
لەراگەیێندراوی بنکە سەربازییەکەدا هاتووە، "ئێستا کۆنترۆڵی بنکەکە کراوە و هیچ هەڕەشەیەک یان مەترسییەک بۆ سەر بنکەکە نییە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "رووداوەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و هیچ زانیارییەکی زیادە بڵاوناکرێتەوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن."
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکە ئاگادارکراوەتەوە و کۆشکی سپی چاودێریی دۆخەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ