رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ڤلادمێیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە. پلانیشی هەیە دوای ئەو کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان خۆی و پوتین و سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بکات.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، رۆژنامەی نیویۆڕک تایمزی ئەمریکی، لەزاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرکردە ئەورووپییەکان ئەو پلانەی خۆی ئاشکرا کردووە.
کۆبوونەوەکان تەنیا ئەو سێ پیاوە لەخۆدەگرن و هیچ سەرکردەیەکی ئەورووپیی بەشداری تێدا ناکات و ئەورووپییەکانیش پشتیوانی لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە دەکەن.
تاوەکو ئێستا دیارنییە پووتین و زیلێنسکی بە پلانەکەی ترەمپ رازی بوون یان نا، بەڵام رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپدا لەگەڵ سەرکردە ئەورووپییەکان، زێلێنسکی بەشدار بووە.
سەرۆکی ئۆکراینا شەوی چوارشەممە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە "گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ" هەبووە و هەڵوێستی ئەو و سەرکردە ئەورووپییەکان ئەوە بووە کە "دەبێت جەنگ کۆتایی بێت،" بەڵام "کۆتاییەکی دادپەروەرانە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی ترەمپ لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، راوێژکاری ئەڵمانیا و سکرتێری گشتیی ناتۆ بووە، ئەمە جگە لەوەی جەی دیی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف، بەشداری پەیوەندییەکەیان کردووە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس، هەرچەندە باسی لە لووتکەکەی نێوان خۆی و پووتین نەکردووە، بەڵام نووسیوویەتی "هەندێک لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانمانم ئاگادار کردەوە. هەمووان هاوڕان کە دەبێت ئەم جەنگە کۆتایی بێت و ئێمە لە رۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کاردەکەین."
ئەم پێشهاتە لەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پووتین و ویتکۆف لە مۆسکۆ دێت.
ترەمپ لەوەتەی گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی هەوڵیداوە دەرفەت بداتە پووتین بێتە سەر مێزی دانوستاندن. بەڵام لەمدواییانەدا، بە ئاشکرا رەخنەی تووندی لە پووتین گرتووە و پێیوابووە سەرۆکی رووسیا تەنیا دەستی دەستی پێدەکات و تەنیا بەدوای کات کوشتندا دەگەڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ