ئەوانەی مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەردەگرن بۆیان نییە داوای هێنانی ماڵباتەکانیان بکەن

06-09-2025
رووداو @Rudawkurdish
ساتی گەیشتنی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ بەریتانیا. وێنە: ئەرشیڤ
ساتی گەیشتنی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ بەریتانیا. وێنە: ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە بەپێی ئەو بڕیارە، چیدی ئەو کەسانەی مافی پەنابەری لە بەریتانیا وەردەگرن، بۆیان نییە داوای هێنانی خێزانەکانیان بکەن. ئەم بڕیارە کاتییە و ژمارەیەکی زۆر لەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە لە بەشەکانی کوردستانەوە چوونەتە بەریتانیا و هێشتا داوای هێنانی خێزانەکانیان نەکردووە؛ بەڵام ئەوانەی پێشتر ئەو داوایەیان کردووە، بڕیارەکە نایانگرێتەوە.
 
بۆ ئەو کەسانەی بە هۆکاری دیکە جگە لە پەنابەری، مافی مانەوەیان لە بەریتانیا وەرگرتووە، مەرجی نوێ دانراوە کە دەبێت داهاتی ساڵانەیان لە 29 هەزار پاوەند کەمتر نەبێت. هەروەها دەبێت ئەو کەسانەی دەهێندرێن، تاڕادەیەک زمانی ئینگلیزی بزانن. ئەم مەرجانە پێشتر بۆ پەنابەران نەبوون، بەڵام لەمەودوا ئەوانیش دەبێت ئەم مەرجانە جێبەجێ بکەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، ئەڵمانیاش پێشتر هێنانی خێزانی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا راگرتبوو؛ بەڵام سوێد بڕیاری داوە بەردەوام بێت لە رێگەدان بە هێنانی خێزان، بەڵام بە مەرجی نوێ. لیژنەیەک کە پێشتر لەلایەن حکومەتی سوێدەوە پێکهێندرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە کەموکوڕییەکانی سیستمی کۆچبەریی ئێستا، هەفتەی رابردوو راپۆرتەکەی خۆی بڵاوکردەوە.
 
بەپێی راپۆرتی لیژنەکە، کە دەکرێتە بنەمای سیاسەتی نوێی کۆچبەریی سوێد، دەبێت هەر کەسێک مافی مانەوەی کاتیی هەبێت، لانیکەم دوو ساڵ لە سوێد ژیابێت ئینجا بۆی هەبێت داوای هێنانی خێزان بکات. هەروەها مەرجی ئەوەش دانراوە کە کەسی داواکار دەبێت بیسەلمێنێت توانای دابینکردنی خەرجیی ژیانی ئەو کەسانەی هەیە کە دەیانهێنێت، و دەتوانێت دوای بەسەرچوونی ئیقامەکەشی بەردەوام بێت لە ژیاندنیان.
 
ئیقامەی هاوسەرگیرییش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و چیدی کەس ناتوانێت داوای بکات؛ ئەوانەش کە دەیانەوێت منداڵەکانیان ببەنە سوێد، دەبێت بیسەلمێنن منداڵەکە لەڕووی بایۆلۆژییەوە هی خۆیانە و بەخێونەکراوە (ئەدۆپت نەکراوە).
 
ئەم گۆڕانکارییانە وادەکەن پرۆسەی کۆچبەری و پەنابەری بۆ بەریتانیا و سوێد قورستر بێت و، مەرجی زیاتر دابنرێت بۆ هێنانی خێزان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق هەڵوەشاندەوە

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی (NDAA) بە گوژمەی 901 ملیار دۆلار پەسند کرد و رەوانەی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپی کرد؛ پڕۆژەیاساکە بڕگەیەکی تێدایە کە تێیدا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.