ئەمریکا بازاڕکردن لەسەر شاندی ئێرانی قەدەخە دەکات

06-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەنگاوێکی نوێدا حکومەتی ئەمریکا بەنیازە کۆتوبەند و رێوشوێنی تووند دژی ژمارەیەک شاندی وڵاتان بگرێتەبەر، کە لە کۆتایی ئەم مانگە روو لە شاری نیویۆرک دەکەن بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
بەگوێرەی یاداشتێکی نهێنیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، شاندەکانی وڵاتانی ئێران، سوودان، زیمبابۆی و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرازیل، لە لیستی ئەو وڵاتانەدان کە رووبەڕووی سنووردارکردنی گەشتکردن و کۆتوبەندی دیکە دەبنەوە. ئەم سنووردارکردنانەش، توانای ئەو شاندانە بۆ گەشتکردن لە دەرەوەی شاری نیویۆرک سنووردار دەکەن.
 
بەگوێرەی ئەو یاداشتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە ئێران، کە ئێستا دیپلۆماتکارانیان لە شاری نیویۆرک جووڵەیان سنووردار کراوە، یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە کە قەدەخەکردنی بازاڕکردنیانە لە فرۆشگە گەورەکانی ئەمریکا وەکو کاستکۆ و سامز کڵەب، لێبکرێت.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، زۆربەی کات دیپلۆماتکارانی ئێران ئەم فرۆشگایانەیان بەکارهێناوە بۆ کڕینی بڕێکی زۆر لە کاڵا، کە لە وڵاتی خۆیاندا بەردەست نین.
 
لە لایەکی دیکەوە، سووریا یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی سنووردارکردنی کەمتری بەسەردا دەسەپێندرێت. یاداشتەکە ئاشکرای دەکات، هەفتەی رابردوو لێخۆشبوونێک بۆ ئەندامانی شاندی سووریا دەرچووە، کە زیاتر لە 10 ساڵە لە سنووردارکردنی گەشتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پارێزگارییان لێکراوە.
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا بوونیات بنێنەوە، لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی رابردوو.
 
تائێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ئەو راپۆرتانەی نێو میدیای ئەمریکا نەداوە.
 
هەرچەندە وردەکارییەکان سەبارەت بەو سنووردارکردنانەی بەسەر شاندەکانی ئێران و بەرازیلدا دەسەپێندرێن، هێشتا بە تەواوی روون نین، بەڵام یاداشتی وەزارەتی دەرەوە چەند ئاماژەیەکی گرنگی تێدایە و سەبارەت بە ئێران، دیار نییە کە کەی قەدەخەکردنی کڕین لە فرۆشگاکانی وەک کاستکۆ و سامز کلەب جێبەجێ دەکرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە داڕشتنی رێکارەکاندایە و بەنیازە مەرج و رێوشوێنی تایبەت بەسەر ئەندامێتیی دیپلۆماتکارانی بیانی لە سەرانسەری ئەمریکادا بسەپێنێت، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک کە ئەم ساڵ ئیدارەی ترەمپ بەنیازی تووندکردنی رێکارەکانە نەک تەنیا بۆ دیپلۆماتکارانی ئێران، بەڵکو بۆ تەواوی ئەو نوێنەرە بیانییانەی بەنیازن بەشداری لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن، کە بڕیارە لە 22ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
 
لەبارەی بەرازیلەوە، هێشتا ناڕوونی هەیە لەسەر ئەوەی ئایا ئەو سنووردارکردنانەی ڤیزەی ئەمریکا بەسەر شاندی ئەو وڵاتەدا سەپاندوویەتی، تەنیا ئەندامانی ئاست نزم لە شاندەکەی بەرازیل دەگرێتەوە یان ئەگەری هەیە لویس ئیناسۆ لولا دا سیلڤای سەرۆکی بەرازیلیش بگرێتەوە.
 
لولا دا سیلڤا، کە بە شێوەیەکی نەریتی یەکەم سەرکردەی جیهانە لە رۆژی کردنەوەی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوتار پێشکێش دەکات، بووەتە ئامانجی ترەمپ، بەهۆی دژایەتیکردنی دادگاییکردنی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە جەیر بۆلسۆنارۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 باڵەخانەیەک لە کیێڤی ئۆکراینا بۆردوومان کراوە. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی ئاشتیی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، گەرەنتیی ئەمنیی "هاوشێوەی ناتۆ"ی پێشكێش بە کیێڤ کردووە و بڕوای وایە مۆسکۆ قبووڵی دەکات.