لافاو و زریان زیانی گەورەی لە بەرهەمی سێوی یۆنان داوە

06-10-2023
رووداو @Rudawkurdish
سێوی کێڵگەیەک لە باکووری یۆنان. وێنە: Angelos Tzortzinis / AFP
سێوی کێڵگەیەک لە باکووری یۆنان. وێنە: Angelos Tzortzinis / AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باهۆز و لافاو لە سەرەتای مانگی رابردووەوە زیانی گەورەی لە باخدارانی یۆنان داوە؛ رێگەی گوند و باخەکانی تێکداوە و بڕێکی زۆر لە بەرهەمەکانیشی لەنێوبردووە.
 
تیمیۆس ئیکۆنۆمۆ، باخدارێکی تەمەن 53 ساڵی یۆنانە، بە پیکابەکەی ناچارە رێگەیەکی پڕ لە هەوراز و نشێو ببڕێت بۆئەوەی بگاتە باخەکەی، ئەو دەڵێت، "زۆر کەس هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە باخەکانیان. ناتوانن بەرهەمەکانیان لێبکەنەوە و ئەمساڵ هیچ داهاتێکیان نابێت."
 
لە کاتێکدا تێکڕای ئاستی باران بارینی ساڵانە لە زاگۆرا، 150 میلـلیمەترە، بەڵام لە رۆژانی 4 و 5ی مانگی ئەیلوول 1096 میلـلیمەتر باران باری و زیانێکی بەرچاوی لە بەروبوومی کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە دا.
 
لولیا پاپویلا، شارەزای کشتوکاڵ ئەوەی خستەڕوو، "گەورەترین زیان بەر باخەکان کەوتووە. بەهۆی تێکچوونی رێگاکانەوە، لە کاتی خۆیدا بەرهەمەکان کۆنەکراونەتەوە و لەبەر باران بارینیش سێوەکان دەوەرێن. ساڵی رابردوو 18 ملیۆن و 500 هەزار کیلۆ بەرهەممان هەبوو، ئەمساڵ رەنگە هەر پێنج ملیۆن کیلۆ بەرهەممان هەبێت."
 
هەندێک لە کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان لە ساڵی 1916وە لەو ناوچەیە سەرقاڵی کۆکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانن. بەڵام ئەمساڵ چنینەوە و گەیاندنی بەرهەمی سێو بۆ بازاڕی ناوخۆ و دەرەوە ئەستەم بووە.
 
گیانیس کراڤاریس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای زاگۆرییان ئاماژە بەوە دەکات، "کێشەی رێگە چارەسەر نەکراوە. دوو پرد هەن، یەکێکیان پردێکی گەورەیە و کاتێک دێیتە ناو گوند دەبێت پێیدا تێپەڕیت. بە ئێمەیان گوتووە زیاتر لە 18 تۆن ناتوانین لەسەر پردەکە بگوازینەوە. ئەوەش بەو مانایەی کە بارهەڵگری کۆمپانیا ناتوانێت پێیدا تێپەڕێت."
 
لە یۆنان 5000 دۆنم باخی سێو هەیە و ئەو وڵاتە ساڵانە نزیکەی 18 هەزار تۆن سێو هەناردەی وڵاتانی جیهان دەکات. حکومەتی یۆنان بەڵێنی داوە دوو ملیار دۆلار تەرخان بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی باخداران و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست