تورکیا بۆ ئەمریکا: دەبێت واز لە کارکردن لەگەڵ یەپەگە بهێنن

06-10-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکەیان تایبەت بوو بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان. وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هاوتا ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، پێویستە واز لە پاڵپشتیکردنی "یەپەگە" بهێنن.

میدیای فەرمیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 06-10-2023 بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەی کرد.

بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆی هەردوو وەزیری دەرەوە تایبەت بوو بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و هاکان فیدان بە ئەنتۆنی بلینکنی راگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا واز لە پاڵپشتیکردنی "یەپەگە" بهێنێت، ئەوەش بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە رۆژێک دوای خستنەخوارەوەی درۆنێکی تورکیا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە رۆژئاوای کوردستان دێت.

وەکو میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، هاکان فیدان باسی پێکەوە کارکردنی سوپای ئەمریکا و تورکیای کردووە و "پێکەوە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆئەوەی میکانیزمی بەریەکنەکەوتن کاریگەرتر کاربکات."

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هاوتا ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، پێویستە واشنتن واز لە پشتیوانیکردنی "یەپەگە" بهێنێت و ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا بە هێز و توانایەکی زۆرترەوە درێژەی پێدەدەین."

یەپەگە باڵی چەکداری پەیەدە و هێزێکی سەرەکی پێکهێنەری هەسەدەیە. تورکیا دەڵێت، پەیەدە باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە و پێویستە ئەمریکا واز لە پاڵپشتیکردنی لە چوارچێوەی هەسەدەدا بهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە