بۆ نۆیەمین شەوی لەسەریەک، سەتان مەغریبی خۆپێشاندانیان کرد

06-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ نۆیەمین شەوی لەسەریەک، گەنجانی مەغریب رۆژی یەکشەممە لە شارەکانی سەرانسەری وڵات چوونە سەر شەقامەکان و داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و گۆڕینی حکومەتیان کرد.
 
ئەو خۆپێشاندانانە کە لەلایەن کۆمەڵەی "GenZ 212"ـەوە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رێکخراون و دامەزرێنەرانیان نەناسراون، لە 27ی ئەیلوولەوە ئەو وڵاتەی باکووری ئەفریقای گرتووەتەوە، کە پێشتر وڵاتێکی زۆر سەقامگیر بوو.
 
خۆپێشاندەران داوای چاکسازی لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی تەندروستی و پەروەردە دەکەن، هەروەها تووڕەیی خۆیان لەبەرامبەر نایەکسانیی کۆمەڵایەتی دەردەبڕن.
 
بەگوێرەی پەخشی راستەوخۆی میدیاکانی مەغریب، لە کازابلانکا خۆپیشاندەران لە گەڕەکی چینی کرێکارانی فیدا کۆبوونەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەزیز ئەخەنووش، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان کرد.
 
هەروەها میدیاکان دەریانخست کە لە شاری تیتوانی باکوور دروشمی هاوشێوە گوتراونەتەوە و سەدان کەس کۆبوونەتەوە.
 
لە رەباتی پایتەخت، نزیکەی 100 خۆپیشاندەر لەبەردەم پەرلەمانی وڵات کۆبوونەوە و هاواریان دەکرد "حکومەت گەندەڵە".
 
عیمرانی تەمەن 20 ساڵ لە خۆپیشاندانەکەدا گوتی: "چاکسازی لە کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردەدا زۆر پێویستن. دەزانین ئەمە کاتی دەوێ، بەڵام دەبێت لە شوێنێکەوە دەستپێبکەین."
 
کۆمەڵەی GenZ 212 کە زیاتر لە 180 هەزار ئەندامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی دیسکۆرد هەیە، جەخت لەسەر سرووشتی ئاشتییانەی خۆپیشاندانەکانی دەکاتەوە و گردبوونەوەکان تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی گشتی بێ ئاژاوە بوون.
 
بەڵام هەواڵە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن لە چەند شارۆچکەیەکی بچووک، دوای خۆپیشاندانەکانی رۆژی چوارشەممە، تووندوتیژی هەبووە.
 
لەو شەوەدا سێ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران، لە رووداوێکدا کە دەسەڵاتداران بە "بەرگریی رەوا" ناویان برد، دوای ئەوەی گوایە خۆپیشاندەران هەوڵیان دابوو هێرش بکەنە سەر بنکەیەک لە گوندی لەقلیعە.
 
ئەم خۆپیشاندانانە دوای ئەو گردبوونەوانە دێن کە لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوول لە چەند شارێک سەریانهەڵدا، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی هەشت ژنی دووگیان لە نەخۆشخانەیەکی حکومی لە ئەگادیر کە بۆ نەشتەرگەریی منداڵبوون برابوون.
 
خۆپیشاندەران گیانلەدەستدانی ئەو ژنانە وەک بەڵگەیەک لەسەر کەموکورتییەکانی کەرتی تەندروستیی گشتی دەبینن کە ناڕەزایەتیی فراوانتری لەبارەی نایەکسانیی کۆمەڵایەتییەوە لێکەوتووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا