تەندروستیی جیهانی: بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەلایەن منداڵانەوە زۆر زیادیکردووە

06-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) هۆشدارییەکی تووندی بڵاوکردەوە سەبارەت بەوەی کە جگەرە ئەلیکترۆنییەکان شەپۆلێکی نوێ و "مەترسیداری" ئاڵوودەبوون بە نیکۆتینیان لەنێو گەنجاندا دروستکردووە، کە بووەتە هۆی ئاڵوودەبوونی ملیۆنان منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا.
 
رۆژی دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، رێکخراوەکە لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند، لەو وڵاتانەی کە داتای وردیان بەردەستە، دەرکەوتووە کە منداڵان بە تێکڕا نۆ هێندەی کەسانی پێگەیشتوو زیاتر ئەگەری بەکارهێنانی ڤەیپیان هەیە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە ئەم بەرهەمانە بە شێوەیەکی سەرەکی گەنجان دەکەنە ئامانج.
 
ئاژانسە تەندروستییەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پیشەسازیی تووتن و نیکۆتین بەردەوام بانگەشە بۆ ڤەیپ دەکات وەکو بەدیلێکی کەم زیانتر بۆ جگەرەی ئاسایی، بەڵام لە راستیدا ئەمە تەنیا تاکتیکێکە بۆ راکێشانی نەوەیەکی نوێ و ئاڵوودەکردنی منداڵان بە نیکۆتین.
 
یەکەم خەمڵاندنی جیهانیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخات کە زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڤەیپ بەکاردەهێنن. ئاژانسەکە ئەم ژمارانەی بە "جێگەی نیگەرانییەکی قووڵ" وەسف کرد. ئەم ئامارە لانیکەم 86 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لەخۆدەگرێت، کە زۆربەیان لە وڵاتانی خاوەن داهاتی بەرزدان، لەگەڵ لانیکەم 15 ملیۆن منداڵی تەمەن 13 بۆ 15 ساڵ.
 
پاشەکشە لە بەرەنگاربوونەوەی تووتن
 
سەرەڕای زیادبوونی بەکارهێنانی ڤەیپ، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەدا کە لە ئاستی جیهاندا ژمارەی بەکارهێنەرانی تووتنی ئاسایی کەمیکردووە؛ لە 1.38 ملیار کەس لە ساڵی 2000ـەوە بۆ 1.2 ملیار کەس لە ساڵی 2024 دابەزیوە. بەڵام هێشتا لە هەر پێنج کەسێکی پێگەیشتوو یەکێکیان ئاڵوودەی تووتنە.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسیوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گوتی: "بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی وڵاتانەوە، ملیۆنان کەس واز لە تووتن دەهێنن یان هەرگیز دەستی پێناکەن. بەڵام لە وەڵامدا، پیشەسازیی تووتن بە بەرهەمی نوێی نیکۆتینەوە بەرپەرچی ئەم هەوڵانە دەداتەوە و بەشێوەیەکی چڕ گەنجان دەکاتە ئامانج. پێویستە حکومەتەکان خێراتر و بەهێزتر کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی کە کاریگەرییان لە کۆنترۆڵکردنی تووتندا سەلمێندراوە."
 
رێکخراوەکە هۆشداری دا، کە لە دوانزە وڵاتدا رێژەی بەکارهێنانی تووتن رووی لە زیادبوون کردووە. جێرمی فارار، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە، رایگەیاند: "ئەم پاشەکشانە تەنیا ژمارە نین، بەڵکو نوێنەرایەتیی ملیۆنان کەسی دیکە دەکەن کە لە ساڵانی داهاتوودا رووبەڕووی مەترسیی نەخۆشی، کەمئەندامی و مردنی پێشوەختە دەبنەوە."
 
فارار جەختی لەوەشکردەوە کە جگەرەکێشان ساڵانە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس دەکوژێت و دووکەڵی دەستی دووەمیش هۆکاری گیانلەدەستدانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی دیکەیە. هەروەها فاران گوتیشی: "جگەرەکێشان زیان بە هەموو بەشێکی جەستە دەگەیەنێت و کێشانی لە شوێنی داخراو و لە نزیک منداڵانەوە کارێکی نابەرپرسیارانە و قبوڵنەکراوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.