کابینەی نوێی حکومەتی فەرەنسا تەمەنی تەنیا 14 کاژێر بوو

06-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سباستیان لوکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی نوێی فەرەنسا و حکومەتەکەی رۆژی دووشەممە دەستیان لەکارکێشایەوە، ئەمەش تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوەی لوکۆرنو پێکهاتەی کابینەکەی راگەیاند. ئەمە بووە هۆی ئەوەی ببێتە کورتترین حکومەت لە مێژووی هاوچەرخی فەرەنسادا و قەیرانی سیاسیی وڵاتەکەی قووڵتر کردەوە.
 
دەستلەکارکێشانەوە چاوەڕواننەکراوەکە دوای ئەوە هات کە هاوپەیمانان و نەیاران هەڕەشەی رووخاندنی حکومەتی نوێیان کرد. لوکۆرنو رایگەیاند، ئەمە مانای ئەوەیە ناتوانێت کارەکانی بکات. بڕیارەکە بووە هۆی دابەزینێکی بەرچاوی پشکەکان و بەهای یۆرۆ.
 
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستبەجێ داوایان لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە کرد دەستلەکاربکێشێتەوە یان هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی رابگەیەنێت و رایانگەیاند، هیچ رێگەیەکی دیکە بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە نییە.
 
لوکۆرنو، کە پێنجەمین سەرۆکوەزیرانی ماکرۆن بوو لە ماوەی دوو ساڵدا، تەنیا 27 رۆژ لە پۆستەکەیدا مایەوە. تەمەنی حکومەتەکەشی تەنیا 14 کاژێر بوو. ئەمە لە کاتێکدایە دووەم گەورەترین ئابووریی یۆرۆزۆن هەوڵدەدات کێشە داراییەکانی چارەسەربکات.
 
بەهۆی نەبوونی هیچ پارتێک کە زۆرینەی پەرلەمانیی هەبێت، سیاسەتی فەرەنسا لەدوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی ماکرۆن لە ساڵی 2022ـەوە ناسەقامگیرتر بووە.
 
ماکرۆن ئێستا دەتوانێت هەڵبژاردنی پێشوەختە رابگەیەنێت، دەستلەکاربکێشێتەوە یان هەوڵبدات سەرۆکوەزیرانێکی دیکە دابنێت. لە مانگەکانی رابردوودا، ماکرۆن کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تاوەکو ئایاری 2027ـە، چەندین جار دەستلەکارکێشانەوە یان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی رەتکردووەتەوە.
 
ئۆپۆزیسیۆن داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات
 
مارین لۆپێن، سەرۆکی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی بەرەی نیشتمانی رایگەیاند: "ئەم گاڵتەجاڕییە زۆری خایاند، دەبێت ئەم شانۆگەرییە کۆتایی پێبێت."
 

 

ماتیلد پانۆ، لە پارتی چەپی تووندڕۆی (فەرەنسای نەچەمیو) گوتی: "دەبێت ماکرۆن بڕوات."
 
برونۆ رۆتایۆ، سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان و وەزیری ناوخۆی پێشوو رایگەیاند، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ماکرۆندایە و دەبێت بە زوویی قسە بکات.
 
دوای چەندین هەفتە لە راوێژکردن، لوکۆرنو رۆژی یەکشەممە وەزیرەکانی دیاریکردبوو، بەڵام پێکهاتە نوێیەکە نەیاران و هاوپەیمانەکانیشی تووڕە کردبوو، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەراورد بە کابینەی پێشوو نەبوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە