رووداو دیجیتاڵ
نەخشەرێگای کۆپ 30، کە بریارە 10 بۆ 21ی ئەم مانگە لە بەرازیل بەرێوەبچێت بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، جیهان هەموو ئامرازەکانی لەبەردەستدایە بۆ دابینکردنی 1.3 تریلیۆن دۆلار بۆ وڵاتانی کەمدەرامەت و هەژار بۆ کەشوهەوا. دەکرێت تەرخانکردنەکە بە سووککردنی قەرز یان هەر رێگەیەکی دیکە بێت.
رۆژی چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، راپۆرتێکی 81 لاپەڕەیی لەلایەن سەرۆکەکانی کۆپ29 کە پار لە ئازەربایجان بەڕێوەچوو و کۆپ30 کە بڕیارە ئەم ساڵ لە بەڕازیل بەڕێوەبچێت بڵاوکرایەوە.
موختار بابایێڤ، سەرۆکی کۆپ 29 و ئاندرێ کۆریا دۆ لاگۆ، سەرۆکی کۆپ30 لە پێشەکی راپۆرتەکەدا رایانگەیاند، "ئەم نەخشەڕێگایە ئامانجی ئەوەیە وەک کارتێکەر و بناخەیەک بۆ قۆناخی داهاتووی کاردانەوەی کەشوهەوا بەشداری بکات."
ئەوان گوتیان: "ئەمە بیرمان دەهێنێتەوە کە سەرچاوەکان هەن، ئامرازەکان ئامادەن و ئێستا کاتەکەیەتی."
لە کۆبوونەوەی COP29 بڕیاردرا وڵاتانی پێشکەوتوو تاوەکو ساڵی 2035 ساڵانە 300 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی هەژار دابین بکرێت؛ ئەم ژمارەیە رەخنەی لێگیرا بەوەی زۆر کەمترە لەوەی کە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم کێشەیە پێویستە.
نەخشەڕێگای باکۆ بۆ بێلێم (ئەو شارەی کۆپ30 لێ بەڕێوەدەچێت) ئامانجی ئەوەیە ئەو ئامانجە ناڕوونە بکاتە پێشنیاری کرداری، لە کاتێکدا وڵاتە دەوڵەمەندەکان رووبەڕووی سنووردارکردنی بودجەی خۆیان، زیادبوونی قەرز، شەڕی گومرگی و ململانێ لە دەرەوەی وڵات دەبنەوە.
سایمۆن ستیێل، بەرپرسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "کارەکە ئامانجێکی گەورەیە، بەڵام دەکرێت بەدیبهێنرێت. ئامرازەکان هەن؛ ئەوەی نەبووە هەماهەنگی و پابەندبوونی هاوبەش بووە."
لێرەدا هەندێک لە پێشنیارەکانی راپۆرتەکە بۆ کەرتی گشتی و تایبەت خراونەتەروو، کە بیرۆکەیان لە نزیکەی 230 راسپاردە وەرگرتووە لە رێکخراوە ناحکومییەکان، توێژەران و کەرتی داراییەوە، کە هەندێکیان چەند ساڵێکە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
پێشنیازەکان ئەمانەن:
بانکەکانی گەشەپێدان
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بانکەکانی گەشەپێدان، وەک بانکی گەشەپێدانی ئەفریقا یان بانکی گەشەپێدانی ئاسیا، رۆڵێکی "ناوەندی"یان دەبێت لە بەدەستهێنانی ئامانجە گەورەکەدا، بە شێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی باشترکردنی سیستمە داراییەکانەوە کە رێگەیان پێدەدات قەرزی زیاتر بدەن.
راپۆرتەکە داوای هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان بانکەکاندا، سندووقەکانی کەشوهەوای فرەلایەنە و کەرتی خێرخوازی دەکات.
سندووقی نێودەوڵەتی بۆ دراو
راپۆرتەکە داوا دەکات سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، کە ئەرکەکەی کەمکردنەوەی هەژارییە، سەرمایەیەکی یەدەگ بەناوی "مافی وەرگرتنی تایبەت" بداتە وڵاتانی هەژار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. ئێستا ئەمە بەو جۆرە نییە و پشک پشکە. لەو پشکانە زۆرینەیان بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکان دەڕۆن. بڕی پارەکە لە نێوان 100 ملیار بۆ 500 ملیار دۆلاری ساڵانەیە.
حکومەتەکان دەتوانن بەڵێن بدەن کە ئاراستەیان بۆ وڵاتانی هەژارتر بگۆڕن و ئاراستەیان بکەن بۆ رووبەرووبوونەوەی گۆرانی کەشوهەوا، بەمەش بەپێی خەمڵاندنەکانی راپۆرتەکە، دەکرێت ساڵانە لەنێوان 100 ملیار بۆ 500 ملیار دۆلار ئازاد بکرێت.
بانکە ناوەندییەکان
بانکە ناوەندییەکان و رێکخەرانی دارایی بە شێوەیەکی ئاسایی بیر لە یارمەتیدانی وڵاتانی گەشەسەندوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆرانی کەشوهەوادا ناکەنەوە، بەڵام نەخشەرێگاکە رایگەیاند کە ئەوانیش "دەتوانن رۆڵی خۆیان بگێرن".
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەوان دەتوانن یاساکان سادە بکەن بۆ ئاسانکردنی دابینکردنی دارایی بۆ شەڕکردن دژی گۆڕانی کەشوهەوا و هاوکاریکردنی وڵاتانی هەژار.
زیادکردنی باج
راپۆرتەکە هەندێک رێوشوێنی باجی خستووەتەڕوو، لەوانە سەپاندنی باج بەسەر دەوڵەمەندەکان، ئەمە دەتوانێت ساڵانە 200 ملیار بۆ 1.36 تریلیۆن دۆلار بۆ هاوکاری وڵاتان کۆبکاتەوە.
رازیکردنی وڵاتان کارێکی قورس دەبێت، ئەمە دوای ئەوەی گفتوگۆکانی G20 بە سەرۆکایەتیی بەرازیل بۆ دروستکردنی باجێکی جیهانی لەسەر ملیاردێرەکان لە ساڵی 2024دا شکستی هێنا.
سووککردنی قەرز
نەخشەڕێگاکە جەخت لەسەر پێویستی سووککردنی باری قەرزی ئەو وڵاتانە دەکاتەوە کە رووبەرووی لێدانێکی دوولایەن دەبنەوە لە تێچووی بەرزی سەرمایە و خەرجی زۆر کە بەهۆی کارەساتەکانی کەشوهەواوە دروست دەبێت.
راپۆرتەکە پرۆگرامەکانی کەمکردنەوەی قەرز پێشنیاز دەکات ئەویش لە رێگەی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەکانی دۆستی ژینگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ