بەهۆی داخرانی حکومەتی ئەمریکا کارمەندانی حکومی بەشەخۆراکی هاوکاریی سەنتەرەکان وەردەگرن

07-11-2025
دیار کوردە @diyarkurda
لە سەنتەرەکانی ئەمریکا هاوکاریی بەسەر کارمەندانی حکومەت دابەش دەکرێت
لە سەنتەرەکانی ئەمریکا هاوکاریی بەسەر کارمەندانی حکومەت دابەش دەکرێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی بەردەوامیی داخرانی حکومەتی ئەمریکا کە "درێژترین ماوەی داخرانە" لە مێژووی وڵاتەکەدا، سەنتەرەکانی دابەشکردنی خۆراک لە واشنتن دی سی رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە.
 
ژمارەیەکی بەرچاو لە کارمەندانی فیدراڵی، کە زیاتر لە 35 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، ناچارن بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی ماڵەوەیان روو لەو سەنتەرانە بکەن.
 
یەکێک لەو سەنتەرانە، کە دەکەوێتە واشنتن دی سی، لە دوای 1ی ئۆکتۆبەرەوە رۆژانە زیاتر لە سەد کەس سەردانی دەکەن. بەڕێوەبەری سەنتەرەکەش دەڵێ، تەنیا لەم هەفتەیەدا بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی سوپاسگوزاری، 600 قەل و نزیکەی 24 هەزار پاکێجی خۆراک دابەشکراون.
 
ترەیزی کۆڵینز، بەڕێوەبەری بەشی خۆراک و جلوبەرگ بە رووداوی گوت: "من لێرەم لە سەنتەری نان بۆ شارەکە، کە لە دوای داخرانی حکومەت رووبەڕووی هاتنی ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەبینەوە. ئەم ساڵ ژمارەی خەڵکەکە زۆر زیاتر بوون لە ساڵانی پێشووتر، رۆژانە زیاتر لە 100 کەسی دیکە سەردانی سەنتەرەکانمان دەکەن، ئەمەش واتە 24 هەزار ژەمەخۆراک لە هەفتەیەکدا کە پێویستە ئامادەی بکەین."
 
رۆژانە بەم شێوەیە خەڵک ریز دەبەستن، بەشی زۆری ئەو کەسانەش کە روویان لەو سەنتەرە کردووە، ئامادە نەبوون رووخساریان لە کامێرا دەربکەوێت.
 
جێی ئاماژەیە، بێجگە لە چەند کارمەندێکی فەرمی، بەشێکی زۆر لەو سەنتەرانە لەلایەن خۆبەخشەکانەوە بەڕێوەدەبردرێن و هاوکاری خەڵکەکە دەکەن، هەم لە ئامادەکردنی پاکێجەکانی خۆراک و هەم لە کاتی دابەشکردنیدا.
 
مێلانی پێنێلا، یەکێک لە خۆبەخشەکان گوتی: "زۆربەی کات، من شیفتی چوارەم، کاژێر 4 بۆ 9ی شەو لێرە دەبم. کاری سەرەکیشم ئامادەکردنی خواردنەکەیە لە نێو پاکێجدا و دابەشکردنی بەسەر خەڵک و رێنماییکردنیانە. هاتنی خەڵک لەم ماوەیەدا زیاتر بووە."
 
داخرانی حکومەتی ئەمریکا لە یەکی ئۆکتۆبەرەوە بەهۆی ناکۆکیی نێوان هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لەبارەی پڕۆژە بودجەی حکومەت و یاسای چاودێریی تەندروستی ئەمریکا دروستبووە.
 
ئەم دۆخە نادیارە وایکردووە کارمەندانی حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا مووچە وەرنەگرن و بەشێکیان رووبەڕووی دۆخێکی سەختی دارایی ببنەوە. بەهۆی پێداگیریی هەردوو پارتەکە لەسەر داواکارییەکانیان، روون نییە کەی حکومەت دەکرێتەوە و کۆتایی بەم قەیرانە داراییە دێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.