ستیڤ ویتکۆف: وڵاتێکی دیکە دێتە نێو رێککەوتنی ئەبراهامەوە

06-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بڕیارە درەنگانی شەوی پێنجشەممە ئەمریکا بە فەرمی رابگەیێنێت کە وڵاتێکی دیکەی نوێ دەچێتە نێو چوارچێوەی رێککەوتننامەکانی ئەبراهامەوە. ئەم رێککەوتننامانە کە لە سەردەمی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا دەستیانپێکرد، بوونە هۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی.
 
ویتکۆف، کە لە کۆڕبەندی بازرگانیی ئەمریکا لە شاری مەیامی قسەی دەکرد، گوتی "ئەمشەو دەگەڕێمەوە واشنتن، چونکە ئەمشەو رادەگەیێنین کە وڵاتێکی دیکە دێتە نێو رێککەوتننامەکانی ئەبراهامەوە." 
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە کام وڵاتە پەیوەندی بە رێککەوتنەکانەوە دەکات، ویتکۆف، خۆی لە ئاشکراکردنی ناوی وڵاتەکە پاراست و گوتی، "نازانم هێشتا ئاشکرا کراوە یان نا."
 
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆس، پێشبینی دەکرێت وڵاتە نوێیەکە کۆماری کازاخستانی ئاسیای نێوەڕاست بێت. کازاخستان دەیان ساڵە پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.
 
هاوکات سەرۆکی کازاخستان یەکێکە لەو پێنج سەرکردەیەی ئاسیای نێوەڕاست، کە رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوە.
لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکانی ئەبراهامدا لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ، هەریەکە لە ئیماراتی عەرەبیی، بەحرێن و مەغریب لە ساڵی 2020 پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروست کرد.
 
پێشتر سعودیە لە گفتوگۆی جیدیدا بوو لەگەڵ ئەمریکا بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئەگەر روویدابا، دەبووە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی لە ناوچەکەدا، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی سعودیە وەکو لەخۆگری دوو پیرۆزترین شوێنی ئیسلام. 
 
بەڵام سعودیە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023، پرۆسەکەی راگرت. سعودیە ماوەیەکی زۆرە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ناتوانێت پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە بەبێ بوونی پێشکەوتنی بەرچاو بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی، کە ئاسۆیەکی دوورە و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەردەوام دژایەتیی دەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ، رۆژی چوارشەممە لە هەمان کۆڕبەندی مەیامی رایگەیاند: "ئێستا خەڵکێکی زۆرمان هەیە کە دەیانەوێت پەیوەندی بە رێککەوتننامەکانی ئەبراهامەوە بکەن و هیوادارین زۆر بەخێرایی سعودیەش بەدەستبهێنین." دواتر بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز ئاماژەی بە ئامادەبوونی شازادە ریمە کچی بەندەر ئال سعود، باڵیۆزی سعودیە لە ئەمریکا کرد و گوتی، "بەڵام من ئەوە ناڵێم. نایڵێم."
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.