پێکدادان لە سنووری ئەفغانستان و پاکستان دەستیپێکردەوە؛ هەردوولا یەکدی تۆمەتبار دەکەن

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی شەممە شەڕ لە سنووری پاکستان و ئەفغانستان دەستیپێکردەوە، لە کاتێکدا هەردوولا یەکدی بە دەستپێکردنی هێرشی "بێ پاساو" تۆمەتبار دەکەن. چوار کەس لە ئەفغانستان کوژران. 
 
رۆژی شەممە 06-12-2025 زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە ئێکس رایگەیاند، "بەداخەوە، لایەنی پاکستانی هێرشی کردە سەر ئەفغانستان لە سنووری پارێزگای قەندەهار و شاری سپین بوڵداک. هێزەکانی میرنشینی ئیسلامی ناچار بوون وەڵام بدەنەوە."
 
دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان دەڵێن، چوار کەسی سڤیل کوژراون. بەگوێرەی ئەفغانستان، ئەوانەی کوژراون، خەڵکی سپین بوڵداکی باشووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان بوون، کە هاوسنووری پاکستانە.
 
دانیشتووانی ئەفغانستان رایانگەیاند، تەقە و پێکدادان دوو کاژێری خایاندووە.
 
عەلی محەممەد حەقماڵ، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی قەندەهار رایگەیاند، هێزەکانی پاکستان بە "تۆپی سووک و قورس" هێرشیان کردووە و گولـلەهاوەن بەر ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل کەوتووە؛ گوتیشی، "پێکدادانەکان کۆتاییان هاتووە و هەردوولا رایانگرتووە." 
 
لە بەرامبەردا، پاکستان بەرەبەیانیی شەممە رایگەیاند، ئەفغانستان دەستپێشخەریی هێرشەکەی کردووە. موشەرەف زەیدی، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە ئێکس رایگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر، رژێمی تاڵیبانی ئەفغانستان بە درێژایی سنوور، پەنای بۆ تەقەی بێ پاساو برد. وەڵامێکی دەستبەجێ، شایستە و تووندیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانمانەوە دراوەتەوە."
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی پاکستان هیچ زیانێکی گیانییان رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستیی پاکستان رایانگەیاند، سێ کەس لە شاری چەمەن، باکووری رۆژئاوای پاکستان بە سووکی برینداربوون.
 
پەیوەندییەکانی ئەفغانستان و پاکستان لە دوای گرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی 2021 خراپ بوون. پرسە ئەمنییەکان لە چەقی ناکۆکییەکەدان کە تێیدا ئیسلامئاباد، کابوول بە داڵدەدانی گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەتی تاڵیبانی پاکستان تۆمەتبار دەکات کە هێرش لەناو پاکستاندا دەکەن، بەڵام حکومەتی تاڵیبان ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
 
پێکدادانەکانی تشرینی یەکەم بوونەهۆی کوژرانی زیاتر لە 70 کەس و برینداربوونی سەتانی دیکە. جەنگەکە بە ئاگربەستێک کۆتایی هات کە قەتەر و تورکیا نێوەندگیرییان تێدا کرد، بەڵام چەندین گەڕی دانوستاندن لە دەوحە و ئیستەنبووڵ لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی شکستیان هێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە