کۆشکی سپی: ترەمپ بژاردەی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند تاوتوێ دەکات

دوێنێ کاژێر 08:59
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی چەند بژاردەیەک دەکات، لەنێویاندا کردەی سەربازیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند؛ ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و دانیمارکیش هۆشداریی دەدات کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی ناتۆ.
 
ترەمپ ویستی خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچە دانیمارکییەی جەمسەری باکوور زیاد کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا رۆژی شەممە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای دەستگیرکرد.
 
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، "بەدەستهێنانی گرینلاند لە پێشینەی کارەکانی ئاسایشی نیشتمانییە" بۆ ترەمپ، تاوەکو رێگریی لە نەیارانی ئەمریکا وەک رووسیا و چین بکات.
 
لیڤیت گوتی، "سەرۆک و تیمەکەی تاوتوێی کۆمەڵێک بژاردە دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە گرنگەی سیاسەتی دەرەوە، بێگومان بەکارهێنانی سوپای ئەمریکاش هەمیشە بژاردەیەکە لەژێر دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان."
 
میدیای ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە، مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای راگەیاندووە کە بژاردەی پەسندی ترەمپ کڕینی گرینلاندە لە دانیمارک؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەڕەشەکان بە واتای داگیرکارییەکی دەستبەجێ نایەن.
 
دانیمارک هۆشداریی داوە کە هەر هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند بە زەبری هێز، واتای ئەوەیە "هەموو شتێک دەوەستێت"، لەوانەش ناتۆ و پەیوەندییە ئەمنییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵات.
 
هەر کردەیەکی سەربازیی ئەمریکا بۆسەر گرینلاند کاریگەری گەورەی لەسەر ناتۆ دەبێ، چونکە مادەی پێنجەمی پەیماننامەی هاوپەیمانییەکە پابەندیی دەخاتە سەر وڵاتانی ئەندام کە بەرگریی لە هەر ئەندامێکیان بکەن کە بەر هێرش بکەوێت.
 
لارس لۆکە راسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک دەڵێ، کۆبوونەوە لەگەڵ مارکۆ روبیۆ پێویستە بۆ "رەواندنەوەی هەندێک لێکتێنەگەیشتن."
 
یەنس فرێدریک نیڵسن، سەرۆکوەزیرانی گرینلاند باس لەوە دەکات کە دوورگەکە بۆ فرۆشتن نییە و تەنیا 57 هەزار دانیشتووەکەی دەبێت بڕیار لەسەر داهاتووی بدەن.
 
"قبووڵکراو نییە"
 
هاوپەیمانان پاڵپشتی لە دانیمارک و گرینلاند دەکەن و لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن ترەمپ لە خۆیان زویر نەکەن.
 
دوێنێ سێشەممە، سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا و ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ دانیمارک رایانگەیاند، بەرگریی لە "بنەما جیهانییەکانی" وەک "سەروەریی، یەکپارچەیی خاک و پیرۆزیی سنوورەکان" دەکەن.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، هەوڵیان دا لە کێشەکە کەم بکەنەوە کاتێک لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و جارید کوشنەری زاوای، بەشدارییان لە گفتوگۆکانی ئاشتیی ئۆکراینا لە پاریس کرد.
 
ماکرۆن گوتی، "ناتوانم وێنای سیناریۆیەک بکەم کە تێیدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەروەریی دانیمارک پێشێل بکات."
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 150 کارمەندی سەربازیی لە بنکەی ئاسمانیی پیتوفیک لە گرینلاند هەیە.
 
ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەوە بیرۆکەی لکاندنی گرینلاند بە وڵاتەکەیەوە دەخاتەڕوو. ساڵی رابردوو، کۆپنهاگن وەبەرهێنانێکی زۆری لە کەرتی ئەمنیدا کرد و نزیکەی 90 ملیار کرۆن (14 ملیار دۆلار) بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە.
 
دژایەتیکردن لە لایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە
 
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کە هێشتا بەشێکیان بەهۆی شێوازی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ترەمپەوە تووڕەن، رۆژی سێشەممە دژی بیرۆکەی کردەی سەربازیی بۆ سەر گرینلاند وەستانەوە.
 
روبێن گالیگۆ، سیناتۆری دیموکرات لە ویلایەتی ئەریزۆنا، لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا بەڵێنی دا پڕۆژەبڕیارێک پێشکێش بکات بۆ "رێگریکردن لە ترەمپ بۆ داگیرکردنی گرینلاند" و گوتی، ئەو کۆمارییە تەمەن 79 ساڵە تەنیا "دوورگەیەکی زەبەلاحی دەوێت کە ناوی خۆی لێ بنێت."
 
بەشێک لە کۆمارییەکانیش پێچەوانەی هەڵوێستە حیزبییە نەریتییەکانیان، دژی سیاسەتەکانی ترەمپ وەستاونەتەوە.
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران (کۆماریی) شەوی سێشەممە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە کە پێی وانییە "گونجاو" بێت واشنتن پەنا بۆ کردەی سەربازیی ببات لە گرینلاند.
 
جێری مۆران، سیناتۆری کۆماریی لە ویلایەتی کانسا، هۆشداری دا کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی "لەناوچوونی ناتۆ."
 
دۆن بەیکن، ئەندامی کۆنگرێسی کۆماریی لە ویلایەتی نیبراسکا، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی X بە ڕاشکاوییەکی زیاترەوە نووسیویەتی، "ئەمە بەڕاستی کارێکی گەمژانەیە. گرینلاند و دانیمارک هاوپەیمانی ئێمەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە