رووداو دیجیتاڵ
گابی تەفت یاریزانی زۆرانبازی بوو کە لەنێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2012 لە کۆمپانیای WWE کاری دەکرد، لە ئینستاگرامەکەی خۆی رایگەیاند کە "چیدیکە ناترسم لەوەی کە خۆم بم".
گابی تەفتی 42 ساڵان کە لە زۆرانبازیدا بە تایلەر رێکس ناسراو بوو رایگەیاند، رەگەزی خۆی گۆڕیوە و بووەتە مێ، ئەو پێشتر بۆ ئەوەی زیاتر کات بۆ هاوژین و منداڵەکەی تەرخانبکات وازی لە زۆرانبازی هێنا. پریسیلا، هاوژینی تەفت لەبارەی بڕیاری گۆڕینی رەگەزی هاوژینەکەی دەنووسێت: "رووح هەردوو رەگەزی هەیە و خۆشەویستی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، ئەو خۆشەویستییە 23 ساڵانە تاوەکو کۆتایی تەمەن بەردەوام دەبێت".
تەفت لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا باسی ئەوە دەکات کە هەر لە منداڵییەوە حەزی کردووە رەگەزی بگۆڕێت و دەڵێت: "لە منداڵییەوە کاتێک تەمەنم 10 ساڵان بوو، کاتێک ماڵمان چۆڵدەبوو، دەچوومە ژووری دایکم و جلەکانی ئەوم لەبەر دەکرد، بەڵام بەدرێژایی تەمەنم لەلایەن کۆمەڵگەوە ئەو هەستەم سەرکوت دەکرا و دەمزانی کە جێگەی قبووڵ نییە، لەبەر ئەوە بەتەواوی لە ناخی خۆم نووقمم کرد".

پارسیلا و تەفت لەبارەی پەیوەندییەکەیانەوە دەڵێن، پەیوەندییەکەیان بە دۆخێکی سەیر تێدەپەڕێت و نازانن ژیانیان بە چ ئاڕاستەیەک بەڕێوە ببەن. هەروەها تەفت بە کچەکەی گوتووە کە تاوەکو ماوەیەک ناچێتە دەرەوە، چونکە خەڵک گاڵتەی پێدەکەن، کچەکەشی لە وەڵامدا گوتوویەتی: "باوکە، من هەرگیز گاڵتەت پێناکەم".
ئەو یاریزانەی زۆرانبازی دەڵێت: بەڵێنم داوە کە زۆر شەفاف بم لە خستنەڕووی راستییەکان بۆ ئەوەی خەڵکی دیکەیش کە هەمان کێشەیان هەیە نەترسن بڕیاری گۆڕینی رەگەز بدەن، "دەزانم لە کۆتایی توونێلەکە رووناکییەک هەیە، دەمەوێت بە هەموو کەس بڵێم 'بەڵێ دەتوانم [رەگەزم بگۆڕم]' ".
سەرەڕای ئەو هەموو گەشبینییە تەفت دەڵێت: "چەند مانگی رابردوو تاریکترین قۆناخی ژیانم بووە، بەڵام ئەوەی لە رووکەش هەیە دەگۆڕێت، تەنیا رووح وەکو خۆی دەمێنێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ