ترەمپ: سەرنجمان لەسەر لەنێوبردنی مووشەک و درۆنەکانی ئێرانە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەم کاتەدا ئامانجیان دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران نییە و سەرنجیان لەسەر تێکشکاندنی مووشەک و درۆنەکانی ئەو وڵاتەیە؛ هەروەها دەڵێت، جەنگەکە کاتێک کۆتایی دێت کە خۆی "لە ناخەوە" هەست بە کاتی کۆتاییهاتنەکەی بکات.
 
رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ لە بەرنامەیەکی رادیۆی کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، لەم کاتەدا ئەمریکا سەرنجی لەسەر دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران نییە، بەڵکو ئاماژەی بەوە کرد "رەنگە لە قۆناخێکدا ئەوە بکەین."
 
ئەمە لە کاتێکدایە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رۆژی سێشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی "هانێتی" هەر لە فۆکس نیوز، باسی لەوە کرد کە لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا چی روویداوە.
 
ویتکۆف گوتی، دانوستاندنکارانی ئێران دانیان بەوەدا ناوە کە نزیکەی 460 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراویان بە رێژەی 60٪ لەبەردەستە و دەتوانن لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژدا بیگەیێننە ئەو ئاستەی کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاردێت.
 
کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا: "ئایا هیچ ئۆپەراسیۆنێک هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو یۆرانیۆمە؟" ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوە نییە، بەڵام رەنگە لە قۆناخێکدا وا بکەین؛" گوتیشی: "لەم کاتەدا سەرنجمان لەسەر ئەوەیە مووشەک و درۆنەکانیان بەتەواوی تێکبشکێنین."
 
سەرۆکی ئەمریکا هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران دیاری نەکرد و گوتی، شەڕەکە کاتێک کۆتایی دێت کە "لە ناخەوە هەستی پێبکەم."
 
ترەمپ پێی وا نەبوو کە جەنگەکە "زۆر بخایەنێت"، بەڵام گوتی تەنیا خۆی دەزانێت کەی کۆتایی دێ. ئەمەش لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ پەیامی دژبەیەکی لەبارەی ماوەی جەنگەکەوە داوە. هەندێک بەرپرس دەڵێنم رەنگە چەند رۆژێک بخایەنێت و هەندێکی دیکەش ئاماژە بە چەند مانگێک دەکەن.
 
ترەمپ رۆژی هەینی ئەوەشی گوت، پێشبینی دەکات جەنگەکە بەمزوانە کۆتایی بێت، بەڵام ئەگەر پێویست بکات تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت؛ هەروەها ئەو راپۆرتانەی رەتکردنەوە کە دەڵێن ئەمریکا کێشەی کەمیی تەقەمەنیی هەیە.
 
ترەمپ گوتی: "هیچ کەسێک ئەو تەکنەلۆجیا و چەکانەی نییە کە ئێمە هەمانە. ئێمە زۆر لەپێش پلانەکانمانەوەین." دواتریش گوتی ئەمریکا "تەقەمەنیی بێسنووری" هەیە و "ئێمە بەکاری دەهێنین، دەتوانین تاهەتایە بەردەوام بین."
 
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ بڕیاری کۆتاییهێنان بە جەنگەکەی بەستەوە بە بڕیاری کەسیی خۆی، بەڵام گوتی کە راوێژ بە گەورە بەرپرسەکانی دەکات، لەوانە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ترەمپ گوتی: "پێموایە زیانی پێگەیشتووە، بەڵام رەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان زیندوو بێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە