جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکا. وێنە: Chip Somodevilla/Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە بۆ چەند ئەندامێکی کابینەکەی، هەمان جۆرە پێڵاوی لە براندی دڵخوازی خۆی کڕیوە. ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ پەردەی لەسەر ئەم دیارییە نائاساییانەی سەرۆکی ئەمریکا لادا.
بەپێی راپۆرتەکە، ترەمپ پێڵاوی براندی (فڵۆرشایم)ـی بە دیاری داوەتە بەرپرسە باڵاکانی، کە نرخەکەی 145 دۆلارە. باس لەوەش کراوە، هەندێک جار ترەمپ لەبەردەم ئەندامانی کابینەکەیدا، خۆی مەزەندەی قەبارەی پێیانی کردووە (بەبێ ئەوەی لێیان بپرسێت).
رێکپۆشی و رقی ترەمپ لە پێڵاوی وەرزشی
ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ (رادیۆی فۆکس نیوز) سەبارەت بەم کارەی گوتی: "ئەمە پێڵاوێکی زۆر جوانە. ئەوەی من دەیکەم بۆ ئەو کەسانەیە کە چەندین ساڵە پێڵاوی خراپیان لەپێ کردووە و پێیانەوە ئارام نەبوون."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "من چێژی لێ وەردەگرم. کاتێک پێم دەڵێن کێشەیان هەیە، دەڵێم با جووتێک پێڵاوت بۆ بکڕم. ئێستا هەموویان زۆر رێک و پێک و جوان دەردەکەون، ئەمە دیارییەکی دۆناڵد ترەمپە." ترەمپ جەختی کردەوە، "هەرگیز حەزی نەکردووە ئەندامانی کابینەکەی بە پێڵاوی وەرزشی (کالە) ببینێت."
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ ئاشکرای کردووە، هەریەکە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ ئەو پێڵاوانەیان لەپێدایە کە ترەمپ بۆی کڕیون. لە یەکێک لە وێنەکاندا پێڵاوەکەی مارکۆ روبیۆ وا دەرکەوتووە کە لە بەشی پاژنەدا کەمێک بۆی گەورە بێت.
ئەم جۆرە پێڵاوەی کە بەرپرسانی ئەمریکا لەپێیان کردووە، لە چەرم دروستکراوە و لە چین بەرهەم دەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ