رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕیان تاوتوێ کرد.
هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ و ئاگربەست
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا باسیان لەو هەوڵانە کردووە کە بۆ راگرتنی کردە سەربازییەکان دەدرێن، کە دوای "دەستدرێژی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەستیانپێکردووە.
محەممەد شیاع سوودانی جەختی کردەوە کە عێراق لە پێناو بەدیهێنانی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە پەرەی سەندووە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، درێغی ناکات.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکان بۆ سەر حەشدی شەعبی
محەممەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەو هێرشانە کرد کە بوونە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی حەشدی شەعبی.
سوودانی ئەو هێرشانەی وەک هەوڵێک بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناوبرد، کە بە گوتەی ئەو "بە فیداکاریی عێراقییەکان لە شەڕی تیرۆردا بەدیهاتووە".
هاوسۆزی بۆ قوربانییانی فەرەنسی لە هەولێر
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، محەممەد شیاع سوودانی خەمباری و هاوسۆزیی خۆی بۆ کەسوکاری سەربازە کوژراوە فەرەنسییەکە و سەربازە بریندارەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەربڕی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکرێ و رێکاری پێویست دەگیرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.
هێرشەکە شەوی رابردوو کرایە سەر سەنگەری شەشی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، کە شەش سەربازی دیکەشی تێدا برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ