رووداو دیجیتاڵ
دوو تەقینەوە لە هەرێمی بەلووچستانی پاکستان روویاندا بەهۆیانەوە لانیکەم 22 کەس کوژران و دەیانی دیکە بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی هەرێمی بەلووچستانی پاکستان زانیاری سەرەتایی سەبارەت بە دوو تەقینەوەی بڵاوکردەوە و گوتی، "نزیکەی کاژێر 10ی ئەمڕۆ (12ی نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) لە دوو تەقینەوەدا لانیکەم 22 کەس کوژران؛ لە تەقینەوەی یەکەمدا 12 کەس کوژران و لە دووەمیاندا 10 کەس".
جان ئاچاکزای، وەزیری زانیاری پاکستان رایگەیاند، "تەقینەوەی یەکەم بەر نووسینگەی بەربژێرێكی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاکستان لە ناوچەی پیشینی بەلووچستان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە 12 کەس کوژراون. تەقینەوەی دووەمیش بە گوتەی ئاچاکزای لە رێگەی ماتۆڕێكی بۆمبڕێژکراوەوە بووە کە ئەویش لە نزیک بنکەی پارتێكی سیاسی بووە لە نزیک ئەو ناوچەیەی کە تێیدا یەکەمین تەقینەوە روویداوە".
بڕیارە سبەی 8-2-2024، هەڵبژاردنی گشتی لە پاکستان بەڕێوەبچێت لە کاتێكدا عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە و سەرۆکی پارتی "ئینساف تەحریر پاکستان" براوەی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە تۆمەتی گەندەڵی و نەپاراستنی نهێنی وڵات و هەروەها ئەنجامدانی هاوسەرگیری ناشەرعی بە کۆی 24 ساڵ زیندانی سزا دراوە و کەشوهەوای هەڵبژاردنەکانی تاڕادەیەکی زۆر ئاڵۆز کردووە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە، هەرچەندە چەند لایەنێكی سیاسی هەن دژ بە حکومەتی پاکستانن لە سەرووی هەموویانەوە بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان و گرووپە جوداخوازەکانی پاکستان کە چەکیان دژ بە حکومەتی پاکستان بەرزکردووەتەوە.
عیمران خان لە تۆڕی ئێکسدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تیێدا داوای لە لایەنگرانی کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە ئارامی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و چاوەڕێ بن تاوەکو ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رادەگەیێندرێن.
لە کۆی 241 ملیۆن هاووڵاتی پاکستان؛ زیاتر لە 128 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە بۆ هەڵبژاردنی 266 پەرلەمانتار لە سەرووی 5 هەزار بەربژێری پیاو و 312 بەربژێری ژن سەر بە 167 پارتی سیاسی.
لە گۆڕەپانی سیاسی پاکستان کە بەشداریی لە هەڵبژاردنی رۆژی 8ی ئەم مانگە دەکەن و بە رکابەری پارتی " ئینساف تەحریر پاکستان" دەکەن، پارتی "رابیتەی ئیسلامی پاکستان" باڵی نەواز شەریف کە پێشتر سێ جار سەرۆکوەزیرانی پاکستان بووەو دوایینیان ساڵی 2013 بوو.
پارتی گەل، پارتێكە تاڕادەیەک لیبراڵە بە سەرۆکایەتی بیلاوال بۆتۆ، کوڕی بینەزیر بۆتۆ کە دوو جار سەرۆکوەزیرانی پاکستان بووە.
پارتەکانی دیکە وەک "عەوامی نیشتمانی" و "کۆمەڵەی ئیسلامی" و "کۆمەڵگەی زانایانی ئیسلام" و دەیانی دیکە بەراورد بە سێ پارتە گەورە و سەرەکییەکان توانای بەدەستهێنانی دەنگی زۆریان نییە و زیاتر بە چوونە نێو هاوپەیمانیەکانەوە دەرفەتی دەسەڵاتیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ