رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات لەوەی کێبڕکێی شپرزەی نێوان کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا لەسەر ئەوەی کێ بەهێزترین ژیریی دەستکرد دروست دەکات، دەکرێت "زیانی" هەبێت.
یۆشوا بێنگیۆ، زانای بواری کۆمپیوتەر، رۆژی پێنجشەممە یەکەمین "راپۆرتی نێودەوڵەتیی سەلامەتیی ژیریی دەستکرد"ی لە زانکۆی ENSی پاریس پێشكێش کرد، کە لەژێر سەرپەرشتیی خۆیدا ئامادە کراوە.
بێنگیۆ ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستاوە بە ئاشکرا هەست بە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دەکرێت، وەکو بەکارهێنانی بۆ دروستکردنی بابەتی ساختە و چەواشە لەسەر ئینتەرنێت.
بەڵام بێنگیۆ دەڵێت، "وردە وردە بەڵگەی هەبوونی مەترسیی زیاتر دەردەکەون، وەکو [بەکارهێنانی بۆ] هێرشی بایۆلۆجی و هێرشی سایبەری."
مەترسییەکە هەر ئەوە نییە، پرۆفیسۆرەکە دەڵێت، دەکرێت لە داهاتوویەکی دووردا، سیستمەکانی ژیریی دەستکرد "لە کۆنترۆڵ"ی مرۆڤ دەربچن، چونکە دەکرێت ژیریی دەستکرد هەست بکات ئەوە بۆ زیندوومانەوەی خۆی پێویستە.
بڵاوبوونەوەی دیپسیک، ژیرییە دەستکردە هەرزان و ئاست بەرزەکەی چین لە مانگی رابردوودا، "بووە هۆی خێرابوونی کێبڕکێکە، کە ئەوە بۆ سەلامەتی باش نییە."
بێنگیۆ داوای رێکاری نێودەوڵەتیی تووندوتۆڵتر و لێکۆڵینەوەی چڕتر لە سەلامەتیی ژیریی دەستکرد دەکات، کە ئێستا تەنیا بەشێکی زۆر بچووکی وەبەرهێنانەکەی بەردەکەوێت. بێنگیۆ دەڵێت، "بەبێ دەستوەردانی حکومەت، نازانم چۆن لەمە دەربازمان دەبێت."
ئەمریکا کە هێشتا پێشەنگی ژیریی دەستکردی جیهانە، لەدوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە، دەستبەرداری ئەو یاسا و رێکارانە بوو کە جۆ بایدن بۆ کۆنترۆڵکردنی سەلامەتیی تەکنەلۆجیاکە سەپاندبوونی.
بێنگیۆ ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک دوو ساڵ لەمەوبەر کۆمپانیای OpenAI ئەپی ChatGPTی راگەیاند، "بە پێویستم زانی بیر لە پرسیاری سەلامەتی بکرێتەوە."
دەشڵێت، "ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک لێی دەترسم، ئەگەری دیارنەمانی مرۆڤایەتییە لەم 10 ساڵەدا. ئەمە شتێکی تۆقێنەرە. نازانم بۆچی خەڵک درکی پێ ناکات."
نزیکەی 100 پسپۆڕی خەڵکی 30 وڵات، یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەدا بەشداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ