یەکێک لە بریندارانی رووداوی تەقەکردنەکەی سوێد کوردە

08-02-2025
رووداو @Rudawkurdish
پۆلیسی سوێد لە شوێنی رووداوی تەقەکردنەکە. وێنە: Getty Images
پۆلیسی سوێد لە شوێنی رووداوی تەقەکردنەکە. وێنە: Getty Images
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تادێت زانیاریی نوێ لەسەر رووداوی تەقەکردنەکەی ئەم هەفتەیەی شاری (ئورێبرۆ)ی سوێد ئاشکرا دەبن. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە بەرکەوتووانی تەقەکردنەکە کوردێکە، کە ئێستا لە نەخۆشخانەیە.
 
رۆژی سێشەممە، کاژێر 12:30ی نیوەڕۆ، گەنجێکی سوێدی بە چەکەوە چووە نێو کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی؛ بە راست و چەپدا دەستی بە تەقەکردن کرد لە هەر کەسێک دەکەوتە بەرچاوی. قوتابییان و مامۆستایان لە پۆلەکاندا و لە هەر شوێنێک کە بە خەیاڵیاندا دەهات خۆیان دەشاردەوە.
 
لەو دیمەنانەی قوتابییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویانکردنەوە، دەردەکەوێت کە هەندێکیان دەچنە ژێر مێز و کورسییەکانی نێو پۆلەکانیان.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرنامەی دیاسپۆرا، دوو خانمی کورد، کە یەکێکیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێکی دیکەش خەڵکی هەرێمی کوردستانە، شایەتی رووداوەکە بوون. دڵخواز، کە خەڵکی باشووری کوردستانە و حەز ناکات ناسنامەکەی بە تەواوەتی ئاشکرا بکرێت، ئەوەی بۆ دیاسپۆرا روونکردەوە، بە چاوی خۆی رووداوەکەی بینیوە. دڵخواز حەوت ساڵە چووەتە سوێد و بۆ خوێندن لەو کۆمەڵگە پەروەردەییەی (ئورێبرۆ)دا بووە.
 
پۆلیسی سوێد رایگەیاند، لەو رووداوەدا 11 کەس کوژراون، یەکێکیان ئەنجامدەری تاوانەکە بووە. هەروەها پۆلیس ئەوەشی ئاشکرا کرد، قوربانییەکان هەڵگری وڵاتینامەی وڵاتانی جیاوازن.
 
دوای بەدواداچوونی زۆرتری رووداو، دەرکەوت کە کورد لەو رووداوەدا هەر شایەتحاڵ نەبوون، بەڵکو لەنێو قوربانییانیشدان. یەکێک لەوانەی بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە، کوردە.
 
وشیار ئیسماعیل، کە کەسێکی ناسراو و چالاکی ئورێبرۆیە و سەردانی ئەو کوردە بریندارەی کردووە لە نەخۆشخانە، بە دیاسپۆرای گوت، "گولـلەیەک بەر قاچی راستی کەوتووە، گولـلەکە لەناو قاچی تەقیوەتەوە و بە خراپی بریندار بووە. دوو جار نەشتەرگەریی بۆ کراوە و ئازاری بەردەوامە و دۆخی تەندروستیشی باش نییە." دەشڵێت، "بریندارەکە خەڵکی ناوچەی بادینانی باشووری کوردستانە، جگە لەویش کوردێکی دیکەش لەنێو بریندارەکاندایە."
 
وشیار ئیسماعیل روونیکردەوە، هاوژینەکەی لەو فێرگەیە بووە، بەڵام ئەو رۆژە نەخۆش بووە و نەچووەتە دەوام، "خوێندنگەکە زۆر گەورەیە و گەورەترین خوێندنگەی ناوچەکەیە، زیاتر لە 1500 خوێندکاری هەیە، هەر هەموو خوێندکارەکان لە نەتەوەی جیاجیان و هیچیان سوێدی نین، بەڵام مامۆستاکان سوێدین و یەکێک لەو مامۆستایانەش کوژراوە؛ جگە لە هێرشکارەکە سەرجەم قوربانییەکانی دیکە کۆچبەرن و بە رەچەڵەک سوێدی نین."
 
وشیار ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی روودانی هەر هێرشێکدا پۆلیس دەڵێت، "کەسی هێرشکار یان تۆمەتبار، نەخۆشیی دەروونیی هەبووە یان سەرخۆش بووە، ئەمەش راست نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گوتاری شیفا بارزانی لە نەورۆزی کۆڵن

سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی: بانگەوازی یەکگرتن بۆ پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان دەکەین

ئاهەنگی نەورۆزی ئەم ساڵ لە کۆڵن لەژێر دروشمی ''شان بە شان، پێکەوە، یەکگرتن بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان'' بەڕێوەدەچێت. شیفا بارزانی دەڵێت: ''ئەمە پەیامێکی روونە بۆ هەر کوردێکی دڵسۆز کە لەم کاتەدا بەهێزتر لە جاران پاڵپشتی لە رۆژئاوای کوردستان بکات.''