رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا کەمتر لە سێ هەفتەی ماوە بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی پەرلەمانی فیدراڵی. 11 کورد لە شار و ناوچە جیاوازەکان بەربژێرن.
ئەڵمانیا لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی پەرلەمانی فیدراڵی نزیکتر دەبێتەوە؛ 16 رۆژی دیکە نزیکەی 60 ملیۆن هاووڵاتیی ئەڵمانیا مافی ئەوەیان دەبێت دەنگ بە بەربژێرانی 41 پارت و لیستی بەشدار لە هەڵبژاردنەکان بدەن و بیانگەیەننە سەر کورسیی پەرلەمان.
کێبڕکێیەکی تووند هەیە لەنێوان پارتەکان، لەوپەڕی راستەوە تاوەکو ئەوپەڕی چەپ. رووداو تاوەکو ئێستا بۆی دەرکەوتووە کە 11 بەربژێر لە شوێنە جیاجیاکانی ئەڵمانیا خەریکی بانگەشەن.
زۆرتری ئەو بەربژێرە کوردانە سەر بە پارتەکانی ئەوپەڕی نێوەڕاست تاوەکو چەپی نێوەڕاستن. ئەمجارە لەنێو پارتی کریستیان دیموکراتی راستئاژۆی نێوەڕاستیشدا بەربژێری کورد هەیە؛ سەرۆکی یەکێک لە لیستە بەشدارەکانیش کوردە.
پارتی سەوزەکان یەکێکن لە پارتە گەورە بەشدارەکان لەم هەڵبژاردنانەدا؛ لە ریزەکانی ئەو پارتەدا ژمارەیەکی زۆر کورد هەن، کە پۆستی باڵاشیان هەیە، بۆ نموونە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ویلایەتی نۆردراین ڤێستڤالنی ئەڵمانیا، کوردە و بەربژێریشە بۆ پۆستی سەرۆکی گەورە شارەوانیی شاری کوێلن.
لەنێو پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیاش قاسم تاهیر ساڵح لە فراکسیۆنی سەوزەکانە و لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنەکانی دیکە (گرووپی ژیانی کورد)ی بۆ پشتیوانی لە کوردستان و دیاسپۆرای کوردی دروستکرد. ئەو پەرلەمانتارە ئێستا بە گەرمی سەرقاڵی بانگەشەیە بۆ خولی داهاتوو.
قاسم تاهیر ساڵح ماوەی سێ ساڵە ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیایە و یەکەم هەنگاویشی لە کاری پەرلەمانییەکەیدا دروستکردنی گرووپێک بوو بۆ پشتیوانیکردن لە کورد و دۆزەکەی؛ دەڵێت، توانیویانە کاری زۆر باش بکەن، بەتایبەتی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لەلایەن داعشەوە بە جینۆساید بناسێنن و سەرکەوتووش بوون.
قاسم تاهیر گوتیشی، "ئەگەر توانیم بۆ جاری دووەم بگەمەوە پەرلەمان، کار بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەو کوردانە دەکەم کە لە ئەڵمانیا دەژین. هەروەها هاوکاریی زیاتری کۆچبەران بکەم، بەتایبەتی کۆچبەرانی کورد، هەروەها هەوڵدەدەین هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین، ئەگەر کوردی زیاتر بێنە نێو پەرلەمان ئەوا سوودی زیاتر بە دۆزی کورد دەگەیێنین."
ئەو پەرلەمانتارە کوردە روونیکردەوە، دوای هەڵبژاردن پارتی ئاڤدێ بە تەنیا دەمێنێتەوە، کە بانگەشەی تووندی دژی کۆچبەران هەیە، "پارتی کریستیان دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتەکەی ئەوانیش کە پارتی سەوزە، نابنە هاوپەیمانی ئاڤدێ و لەگەڵیان کار ناکەن و هەرگیز ئەڵمانیا وەک هۆڵەندا و نەمسا و سوێدی لێنایەت، داواش دەکەم خەڵکی ئەڵمانیا دەنگ بە ئاڤدێ نەدەن."
بەربژێرە کوردەکەی پارتی سەوز ئاماژەی بەوەش دا، بەربژێرەکانی پارتەکە هەمیشە لەنێو خەڵکدان و بۆ خەڵک کار دەکەن، دەیانەوێت جارێکی دیکە بچنەوە پەرلەمان بۆئەوەی پرۆژەی پارتی ئاڤدێ سەرکەوتوو نەبێت.
قاسم تاهیر داوای لە تەواوی کۆچبەرانی ئەڵمانیا کرد، بە هەموو نەتەوە جیاوازەکان بە هیچ شێوەیەک دەنگ بە پارتی ئاڤدێ نەدەن، چونکە سەرکەوتنی ئەوان واتە ناخۆشبوونی ژیانی ئەوان و باشترە دەنگ بە پارتە دیموکراتەکان و پارتی سەوز بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ