رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا سزا بەسەر دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا بسەپێنێت، رۆژی هەینی دادگە نێودەوڵەتییەکە و چەندین وڵات بڕیارەکەی ترەمپیان سەرکۆنە کرد.
بڕیارەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە، دادگەکە لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک دۆسیەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان و وڵاتان دەڵێن، سەپاندنی سزاکان مەترسییە بۆ "سیستم و یاسای نێودەوڵەتی."
نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا داوایان لە ترەمپ کرد، بڕیارەکەی بۆ سڕکردنی سامان و قەدەخەکردنی گەشت لە بەرپرسانی دادگەکەی لاهای و کەسوکاریان هەڵبوەشێنێتەوە.
هاوپەیمانانی ئەمریکا، لەنێویاندا بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا لەنێو ئەو 79 وڵاتەن کە دەڵێن، کارەکەی ترەمپ مەترسی دەخاتە سەر سەلامەتیی قوربانیان، گەواهیدەران و بەرپرسانی دادگە.
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە بڕیارێکی جێبەجێکاری واژۆ کرد، تێیدا دەڵێت، ئەو دادگەیە کە لە ساڵی 2002 بۆ لێکۆڵینەوە لە جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دامەزرێندراوە، "دەسەڵاتی خۆی خراپ بەکارهێناوە،" لەبەر ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەرکردووە.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە نەتەنیاهوو رۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان گوتی، ئامانج لە سزاکانی ترەمپ "زیانگەیاندنە بە سەربەخۆیی و بێلایەنیی کاری دادوەری." هەروەها بەڵێنی دا "پێداگرانە" پشتیوانی لە ستافی خۆی بکات، "لە کاتێکدا دادپەروەری و هیوا بۆ ملیۆنان قوربانیی بێگوناهی تاوانەکان لە سەرانسەری جیهان بەدیدەهێنن."
تۆمۆکۆ ئاکن، سەرۆکی دادگەکە دەڵێت، "ئەم جۆرە هەڕەشە و رێکارە هەراسانکەرانە، هەڕەشەی گەورەن بۆسەر وڵاتانی ئەندام لە دادگەکە و سەروەریی یاسا و ملیۆنان قوربانی."
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ترەمپ کرد هەنگاوەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەنتۆنیۆ کۆستۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا کە نوێنەرایەتیی 27 وڵاتی ئەندام دەکات، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا گوتی، بڕیارەکەی ترەمپ "سیستمی دادوەریی تاوانی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە."
بەڵام جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ستایشی ترەمپی کرد و لێکۆڵینەوەی دادگەکەی لە تۆمەتی جینۆسایدی ئیسرائیل دژی غەززە بە "بەدڕەوشتانە" ناوبرد و گوتی، "هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە."
ئەمریکا و ئیسرائیل هیچیان ئەندامی دادگەکە نین. دادگەکە 21ی تشرینی دووەمی پار، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەتەنیاهوو و یواڤ گالانت، وەزیری ئەو کاتی بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زەیف، سەرۆکی باڵی سەربازیی حەماس دەرکرد، کە لە پارەوە کوژراوە.
دادگەکە رایگەیاند "هۆکاری بەرچاو" هەن بۆ بڕواکردن بەوەی کە نەتەنیاهوو و گالانت "بەرپرسیارێتیی تاوانیان لەسەرە" و لە غەززە برسێتییان وەکو چەک بەکارهێناوە، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان کردووە.
نەتەنیاهوو دادگەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی دژایەتیی جووەکان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ