بەهۆی رەخنەگرتن لە هێرشەکانی سەر ئۆکراینا، رۆژنامەڤانێکی رووسی بە 7 ساڵ بەندکردن سزادرا

07-03-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەسەر رەخنەگرتن لە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، رۆژنامەڤانێکی رووسی لەلایەن دادگەی وڵاتەکەی سزای حەوت ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.
 
رۆژنامەڤانەکە دەڵێت، "لە رووسیا هیچ شتێک بەناوی رۆژنامەڤانییەوە نەماوە".
 
رۆژی چوارشەممە، 06-03-2024، دادگەیەکی شاری کۆرۆلیۆڤی رووسیا سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر رۆژنامەڤانێکدا سەپاند، کە رەخنەی لە رووسیا گرتبوو لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا.
 
رۆمان ئیڤانۆڤی تەمەن 51 ساڵ بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست لەبارەی هێزە چەکدارەکانی رووسیا" ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنراوە.
 
دوای خوێندنەوەی سزاکەی و دەرچوونی لە دادگە، ئیڤانۆڤ هاواریکرد "ئاشتی و ئازادی".
 
چەند لایەنگرێکی ئیڤانۆڤ لە دادگەکە ئامادەبوون و بە چەپڵەڕێزان وەڵامی رۆژنامەڤانەکەیان دایەوە "ئێمە لەگەڵتین، تۆ بە تەنیا نیت".
 
رەخنەکەی ئیڤانۆڤ بۆ ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە کە ئەوکات لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام رەخنەی لە سوپای رووسیا گرتبوو.
 
ساڵی پار ئەو رۆژنامەڤانە رەخنەگرە دەستگیرکرا و سەرەتا تاوانەکەی بەسەردا ساخنەبوویەوە، لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا رۆژنامەڤانەکە لە بەردەم دادوەراندا گوتی، "چیدیکە لە رووسیا شتێک نییە بەناوی رۆژنامەڤانی. ئێمە دەبێت لەخۆمان بپرسین لەبەرچی تۆوی ئازار و دڵتەنگی لە دەورووبەری خۆمان دەچێنین؟".
 
ماریا نێکراسۆڤا، هاوژینی ئیڤانۆڤە و گوتی، "ئیڤانۆڤ پێیگوتم بڵاوکراوەکانی ئەو هیچ زانیارییەکی ناڕاستی تێدا نەبووە و هیچ رقێکی سیاسیی نییە".
 
هاوژینی بەندکراوەکە گوتیشی، بە نیازە تانە لە بڕیارەکەی دادگە بدات.
 
ئالا ئیڤانۆڤا، دایکی ئەو رۆژنامەڤانەیە و لە دەرەوەی دادگەکە بە رۆژنامەڤانەکانی گوت، "ئەوەی لە دژی ئەو کراوە بۆی هەڵبەستراوە و بەردەوام دەبم لە شەڕکردن. کوڕەکەم خۆشدەوێت و شانازیی پێوە دەکەم. شانازیی بەوە دەکەم کە کوڕەکەم شەڕی بۆ خەڵک کرد و یارمەتیی خەڵکی دا".
 
رۆمان ئیڤانۆڤ پێشتر لە تەلەڤزیۆنێکی سەر بە حکومەتی رووسیا کاری دەکرد، بەڵام دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەسەر گەندەڵیی هەڵبژاردن و چەند کێشەیەکی شاری کۆرۆلیۆڤ لە 2021 لە تەلەڤزیۆنەکە دەرکرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە