دوو ژنی کەنەدی لەدوای گەڕاندنەوەیان لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەستبەسەردەکرێن

07-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو ژنی کەنەدی لەدوای گەڕانەوەیان لە رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ وڵاتەکەیان لەلایەن پۆلیسی کەنەدییەوە دەستبەسەردەکرێن و دەخرێنە ژێر چاودێریی چڕەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، لۆرێنس گرینسپۆن، پارێزەری دوو ژنەکە رایگەیاند، کە دوو ژنەکە بە تۆمەتی تاوانکاری دەستبەسەرنەکراون، "بەڵام داواکاری گشتی داوای گرێبەستی ئاشتیی تیرۆریستی کردووە کە مەرجی تووندیان لەسەر دادەنێت."
 
ئەو دوو ژنە لەنێو ئەو 4 ژنانەدا بوون کە پێشتر رۆژی دووشەممە لەگەڵ 10 منداڵی دیکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رادەستی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا کران و گوێزرانەوە بۆ مۆنتریاڵ.
 
بەپێی "گرێبەستی ئاشتیی تیرۆریستی" دادوەر دەتوانێت کەسێک بخاتە ژێر چاودێریی چڕی گۆڕینی هەڵسوکەوتەوە یانیش دەکرێت رووبەڕووی بەندکردنی بکاتەوە. بارودۆخی وەکو قەدەخەی هاتووچۆ، یانیش قەدەخەکردنی هەڵگرتنی چەک دەکرێت بەسەر تۆمەتباردا بسەپێندرێت.
 
مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ پارێزەرەکە لەگەڵ حکومەتی کەنەدا گەیشتە رێککەوتن بۆ ئەوەی شەش ژن و 13 منداڵی کەنەدی بگەڕێنێتەوە، بەڵام گرینسپۆن دەڵێت، دوو ژن و سێ منداڵی دیکە ماون بۆ ئەوەی لە رۆژئاوای کوردستانەوە بگەڕێندرێنەوە. گوتیشی کە چاوەڕێی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا دەکات بۆ ئەوەی شوێنی ئەو پێنج کەسە دیاری بکات و بیان گەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، نزیکەی 42 هەزار و 400 کەسی بیانی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانن. نزیکەی 27 هەزاریان هاووڵاتیی عێراقین و نزیکەی 10 هەزاری دیکەش هاووڵاتیی نزیکەی 60 وڵاتی دیکەن. جگە لەوەش، سەروو 23 هەزار هاووڵاتیی سووری لەوێن. لەو بارەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، زۆربەی منداڵەکان تەمەنیان لە خوار 12 ساڵیدایە.
 
رێکخراوەکەی مافی مرۆڤ لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا گوتی 30 هاووڵاتیی کەنەدی لەنێو ئەو هاووڵاتییە بیانییانەدان کە 10 لەوانە منداڵن.
 
رۆژی 31ـی ئاداری 2023، لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی مافی منداڵان لە راگەیێندراوێکدا داوای لە وڵاتان کرد "بەشێوەیەکی خێرا منداڵان و دایکانیان بگەڕێننەوە". گوتیشی کە لەدوای گەڕاندنەوەیان "زۆر بە گرنگی دەزانین پڕۆگرامی تێكەڵکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە هەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە