هیومەن رایتس وۆچ داوا لە ترینیداد و تۆباگۆ دەکات ژن و منداڵە بەندکراوەکانی لە عێراق بگەڕێنێتەوە

07-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ)، داوا لە ترینیداد و تۆباگۆ دەکات ئەو ژن و منداڵانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە، کە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعشەوە، بەندکراون. 
 
بەگوتەی رێکخراوە مافپەروەرەکە، ماوەی نزیکەی حەوت ساڵە، چوار ژن و حەوت منداڵی ئەو وڵاتەی باکووری کیشوەری ئەمریکای باشوور، لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەندکراون. 
 
سێ لەو ژنانە لە زیندانی رەسافەی بەغدا بەندکراون و 5 منداڵیان لەگەڵدایە و لەلایەن دادگەکانی عێراقەوە سزای 20 ساڵ بەندکردنیان بۆ دەرکراوە. چوارەمیان لە زیندانێکی هەولێرە و دوو منداڵی لەگەڵدایە. ژنەکە ئەم دواییە سزاکەی تەواوکرد، کە شەش ساڵ بووە و "دەتوانێت زیندانەکە جێبهێڵێت، بەڵام حکومەتی ترینیدادی هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە." ئەمە وەک رێکخراوەکە دەڵێت.
 
تەمەنی منداڵەکان "لەنێوان 7 و 15 ساڵدایە." هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت "2ـی ئایاری 2024، بەرپرسانی زیندانەکانی عێراق بە زۆرەملێ دوو برای ترینیدادی کە تەمەنیان 13 و 15 ساڵ بووە، لە زیندانی رەسافەی ژنان لە دایکیان جیاکردوونەتەوە و گواستوونیانەتەوە بۆ زیندانێکی دیکە کە نەوجەوانەکانی تێدایە."
 
دایکەکەیان لە "تۆمارێکی دەنگیدا کە بۆ هیومەن رایتس وۆچی ناردووە، ترسی خۆی دەربڕیوە لەوەی دوو کوڕەکە بگوازرێنەوە زیندانێکی دیکە. دایکەکە گوتی، منداڵە بچووکەکەی تووشبووی رەبۆ، کەمخوێنی و بەدخۆراکییە."
 
جۆ بەیکەر، بەڕێوەبەری بەشی مافی منداڵان لە رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت "ترینیداد و تۆباگۆ بە ئاشکرا بەڵێنیان داوە، هاووڵاتییانی لە عێراق و سووریا دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەمە پێنج ساڵە تەنانەت یەک ترینیدادیش نەگەڕێنراوەتەوە."
ئەو بەرپرسەی هیومەن رایتس وۆچ باس لەوەش دەکات "ئەم منداڵانە لە هیچ تاوانێک بەرپرس نین، پێویستە لە قوتابخانە بن لە ترینیداد و تۆباگۆ، نەک لە زیندانەکانی عێراق ئازار بکێشن."
 
دایکەکە بە دیاریکراوی خەمی کوڕە بچووکەکەیەتی، کە کێشەی تەندروستی هەیە. لە تۆمارە دەنگییەکەدا، بە رێکخراوەکەی گوتووە: "کوڕەکەیان لێ سەندم. پێیان گوتم، تەمەنی لەوە زیاتر لە نێو ئێمەدا لە زیندان بمێنێتەوە. خستیانە زیندانێکەوە کە 10 کوڕی تێدایە. کوڕەکانمان هیچ خوێندنیان نییە. هیچ شتێکیان نییە. حەوت ساڵە لێرەین لە زیندان و منداڵەکانمان لێرە گەورەدەبن."
 
بە گوێرەی هیومەن رایتس وۆچ، نزیکەی 100 منداڵ لەگەڵ دایکەکانیان لە زیندانی رەسافە بەندکراون. "زۆربەی ژنەکان بیانین و بە سەرپێچی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە، تۆمەتبار یان تاوانبارکراون."  
 
دایکەکان رایانگەیاندووە، "حەزدەکەن بێ خۆیان، منداڵەکانیان بگەڕێندرێنەوە ترینیداد و تۆباگۆ،" بۆ ئەو مەبەستەش لە رێگەی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییان بە لیژنەیەکی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ترینیداد و تۆباگۆوە کردووە، کە لە ئاداری پار لە لایەن کەیت رۆوڵی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە پێکهێنرابوو. 
 
چوار ژنەکە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعشەوە لە لایەن دادگەکانی عێراقەوە سزای بەندکردنیان بۆ دەرکراوە. 
 
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت "کەموکوڕیی گەورە و مەترسیدار لە دادگاییکردنی گومانلێکراوانی تیرۆردا" لە دادگەکانی عێراق هەبووە، "لە نێویاندا لە کاتی دادگاییکردنی ژنە بیانییەکان."
 
رێکخراوەکە دەشڵێت "رێگریکردنی دیاری دامودەزگە عێراقییەکان لە ماوەی چەندین ساڵدا لە مافی منداڵان بۆ خوێندن، هەروەها دەستنەکەوتنی چاودێریی تەندروستی و خۆراکی پێویست و جیاکردنەوەیان لە دایکەکانیان، پێویستە ببێتە هاندەرێک بۆ دامودەزگە ترینیدادییەکان بۆ ئەوەی هاووڵاتیانیان بەپەلە بگەڕێننەوە."
 
رێکخراوەکە داوا لە عێراق و ترینیداد و تۆباگۆ دەکات "ماف و باشترین بەرژەوەندیی منداڵان بۆ شادبوونەوە بە خێزانەکانیان لەبەرچاوبگرن و بیر لە گەڕاندنەوەی منداڵان و دایکەکانیشیان بکەنەوە، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بتوانن بەردەوام سەردانی دایکانیان بکەن لە کاتێکدا سزای خۆیان لە ترینیداد و تۆباگۆ تەواودەکەن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لافاو لە ناوچەیەکی ئەڵمانیا

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە، لافاوەکە بە شێوەیەکە کە لە ئەڵمانیا بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، 30 ساڵە لافاوی لەو شێوەیە رووینەداوە