رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشی مووشەکیی شەوی رابردووی هیندستان بۆسەر پاکستان، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە خاوەن چەکی ئەتۆمەدا روویدا، کە ئەمەش کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە. لە پێکدادانەکاندا بەپێی ئامارەکانی هەردوولا، دەیان کەس کوژراون.
وەزارەتی بەرگریی هیندستان رایگەیاند، "9 کەمپی تیرۆریستییان لە ناوچە جیاوازەکانی کشمیری پاکستان کردە ئامانج و زیاتر لە 70 چەکدار کوژراون و زیاتر لە 60ی دیکەش بریندارن." هاوکات پاکستان رایگەیاندووە، "26 هاووڵاتیی مەدەنی" کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە دەزگا و لایەنە فەرمییەکانی هیندستان رایانگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکانی پاکستانەوە 12 هاووڵاتیی وڵاتەکەیان کوژراون. ئەمەش جگە لە دەیان بریندار کە بەهۆی هێرشەکانەوە لە هەردوولا کەوتووەتەوە.
پێکدادانەکەی ئەمشەو دوو هەفتە دوای ئەوە دێت کە نیودەلهی تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ ئیسلامئاباد کە پاڵپشتی هێرشێکی کردووە بۆسەر کشمیری دیوی هیندستان.
لیژنەی ئەمنیی نیشتمانیی پاکستان رایگەیاندووە، هیندستان "جارێکی دیکە ئاگری لە دۆزەخێکی ناوچەکە بەردایەوە" و هێرشەکەی هیندستانیش بە "بێ پاساو" ناودەبات و دەڵێت، "بە ئەنقەست ناوچەی مەدەنیی کردووەتە ئامانج، ئەوەش بە بیانووی درۆی بوونی کەمپی خەیاڵیی تیرۆریستی."
دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەریتانیا لە ساڵی 1947 لە ناوچەکە، چەندین جار ئەو دوو وڵاتە جەنگ لەنێوانیاندا روویداوە.
ئەو ناوچانەی پاکستان کە لەلایەن هیندستان کراونەتە ئامانج کوێن؟
هیندستان ئۆپەراسیۆنەکەی ناوناوە (سیندوور)، لە 9 پێگەی پاکستانی داوە کە بە شوێنی "تیرۆریستی" ناوی بردوون. هێزەکانی پاکستانیش دەڵێن، هیندستان 24 هێرشی کردووەتە سەر 6 ناوچەی پاکستان و ئیدارەی کشمیری پاکستان.
هێرشی تووندی هیندستان بۆسەر ئەحمەدپوور شەرقیە لە نزیک باهاوالپوور بووە لە پارێزگای پونجاب، کە مزگەوتێک کراوەتە ئامانج و لانیکەم 5 کەس لەوێ کوژراون، کە بەپێی بەرپرسانی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاکستان، یەکێکیان منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ بووە.
ئەو شوێنانەی دیکە کە لە پاکستان کراونەتە ئامانج بریتین لە هەریەکە لە شاری موریدکی، گوندێک لەنزیک سیالکۆت و شاکارگارهـ لە پارێزگای پونجاب. هەروەها لە ئیدارەی کشمیری پاکستان موزەفەرئاباد و کۆتلی دوو مزگەوت موشەکباران کراون و کچێکی 16 ساڵ و کوڕێکی 18 ساڵ کوژراون.
سەرۆکوەزیرانی هیندستان سەردانەکانی ئەورووپای هەڵوەشاندەوە
بڕیاربوو ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان سەردانی چەند وڵاتێکی ئەورووپی بکات، بەڵما بەهۆی پێکدادانەکانیان لەگەڵ پاکستان، سەردانەکانی هەڵوەشاندەوە.
سەرۆکوەزیرانی هیندستان بڕیاربوو لە 13 بۆ 17ی ئایار سەردانی هەریەکە لە وڵاتەکانی کرواتیا، نەرویج و هۆڵەندا بکات.
بۆچی هیندستان هێرشی کرد؟
هێرشەکەی هیندستان چەند هەفتەیەک دوای هێرشیک بوو بۆسەر ناوچەیەک لە پاهالگام لە هیندستان، کە لە 22ی نیسان ژمارەیەک چەکدار 26 کەسیان کوشت، بەڵام ئەو کەسانەی لەو هێرشە رزگاریان بووە باس لەوە دەکەن کە چەکدارەکان هاووڵاتییانی هیندۆسیان کردووەتە ئامانج.
ئەو هێرشەی 22ی نیسان خراپترین هێرش بوو بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی لەو ناوچەیە کە لە دوو دەیەی رابردوو روویدابێت، تووڕەییەکی فراوانی هیندییەکانی لێکەوتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هیندستان ئەوکات رایگەیاند، وەڵامی گومانلێکراوانی هێرشەکە دەدەنەوە و تاوەکو "کۆتایی زەوی دوایاندەکەون،" هەروەها ئەو کەسانەش کە پلانەکەیان داناوە و هێرشەکەیان کردووە بەشێوەیەک "سزا دەدەن کە بە خەیاڵیشیاندا نەهاتبێت."
هیندستان ناوی هیچ گرووپێکی نەبردووە و هیچ گرووپێکی تۆمەتبار نەکردووە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشەی پاهالگام، هێشتا ناڕوونە کە بکەری ئەو هێرشە کێ بووە؛ بەڵام پۆلیسی هیندستان باسی لەوە کردووە کە دوو لە بکەرانی هێرشەکە بە رەچەڵەک پاکستانی بوون، نیودەلهیش ئیسلامئابادی بەوە تۆمەتبارکردووە کە پاڵپشتیی چەکدارەکانی کردووە، بەڵام پاکستان رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ پەیوەندیی بەو هێرشەوە نەبووە.
لەدوای هێرشەکەوە، هەردوو وڵاتەکە چەندین رێکاریان لەدژی یەکدی گرتووەتەبەر، لەنێویاندا دەرکردنی دیپلۆماتکارانی یەکدی، هەڵپەساردنی پێدانی ڤیزا و داخستنی دەروازە سنوورییەکانی نێوانیان.
کاردانەوەکان
تورکیا هۆشداری دەدات
سەبارەت بە مەترسیی "شەڕێکی گشتگیر" لەدوای پێکدادانی نێوان سوپاکانی هیندستان و پاکستان تورکیا هۆشداری دەدات و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت، "ئەو هێرشەی شەوی رابردوو لەلایەن هیندستانەوە کرایە سەر پاکستان مەترسیی ئەوەی هەیە کە شەڕێکی گشتگیری لێبکەوێتەوە." هاوکات سەرکۆنەی هێرشەکەی هیندستانیشی کردووە.
ئەڵمانیا داوا دەکات رێگری لە پەرەسەندنەکان بکرێت
ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە 7ی ئایار رایگەیاند، "پێویستە رێگری لە پەرەسەندنەکان بکرێت" و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەڵێت، "هەردوو وڵات پێویستە بەپەلە هەڵوێستی بەرپرسیارانەی پێویست بگرنەبەر."
بەریتانیا: ئامادەی پاڵپشتی هیندستان و پاکستانین
بەریتانیا پێشنیازی کردووە کە رۆڵێکی دیپلۆماسی لە پێکدادانەکانی نێوان هیندستان و پاکستان بگێڕێت و هەردوو وڵاتەکە بە "دۆست" و "هاوبەش" ناودەبات.
جۆناسان رینۆڵدس، وەزیری بازرگانیی بەریتانیا رایگەیاند، "هەردوو وڵات بەرژەوەندیی زەبەلاحیان لە سەقامگیریی ناوچەکە، دیالۆگ و کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان هەیە و هەر شتێک لەدەستمان بێت بۆ پاڵپشتی ئەوە، ئامادەین و دەمانەوێت هاوکاربین."
چین داوای دانبەخۆداگرتن دەکات
شوێنی پێکدادانەکەی هیندستان و پاکستان لە سنوورەکانی چینەوە نزیکە. ئەو وڵاتە داوای دانبەخۆداگرتنی لە هیندستان و پاکستان کردووە و نیگەرانیی لە پەرەسەندنەکان دەربڕیوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، نیگەرانن لە کردەوە سەربازییەکانی هیندستان بۆسەر پاکستان، "دژی هەموو فۆڕمەکانی تیرۆریزمیشین" و داوا لە هەردوو ولاتەکە دەکەین، "ئاشتی و سەقامگیری لە پێشینەی کارەکانیان بێت، ئارام بن و دان بەخۆیاندا بگرن، خۆیشیان لە هەر کارێک بەدووربگرن کە ببێتە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە."
قەتەر 'زۆر نیگەرانە' و ئیمارات داوای دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی سەربازی دەکات
قەتەر و ئیمارات داوا دەکەن هیندستان و پاکستان خۆیان لە پەرەسەندنی پێکدادانە چەکدارییەکان بەدووربگرن. قەتەر رایگەیاندووە، "زۆر نیگەرانە" و داوا دەکات لەڕێگەی کەناڵی دیپلۆماسییەوە کێشەکان چارەسەر بکەن. ئیماراتیش داوا لە هەردوو وڵاتەکە دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە پەرەسەندنی سەربازی بەدووربگرن.
عێراق پێکدادانەکان بە 'مەترسیدار' ناودەبات
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، گرژیی نێوان پاکستان و هیندستان مەترسیدارە، چونکە چەکی ئەتۆمیان هەیە.
ترەمپ: پێکدادانەکان جێگەی شەرمەزارییە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی هیندستان بۆسەر پاکستان بە "جێگەی شەرمەزاری" ناودەبات و مارک روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش قسەی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو وڵاتە خاوەن چەکی ئەتۆمییەکە کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
هیندستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی کاریگەرییەکانی چین لە جیهاندا، هەروەها پاکستانیش لەلایەن ئەمریکاوە وەکو هاوپەیمان سەیردەکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەو پێکدادانەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، "شەرمەرزارییە. پێموایە خەڵکیش دەیانزانی کە شتێک روودەدات لەسەر بنەمای شتێکی بچووک کە لە رابردوو روویداوە. ئەوان ماوەیەکی زۆرە دژی یەک شەڕ دەکەن." هیوایشی خواست کە "بە زوویی کۆتایی پێبێت."
رووسیا: زۆر نیگەرانین
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "زۆر نیگەرانین لە چڕبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی هیندستان و پاکستان" و داوا لە هەردوولا دەکات دان بەخۆیاندا بگرن بۆ رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری دۆخەکە، هیوایش دەخوازێت کە گرژییەکان لەڕێگەی "هۆکاری دیپلۆماسی و ئاشتییانە" چارەسەر بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ