رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع گوتی: "رێککەوتنی سوپای سووریا و هەسەدە زۆر گرنگە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە پارێزگاری لە هەموو سووریاییەکان بکرێت."
رۆژی چوارشەممە 07-05-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کرد و پێی گوت: " پاریس پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێکی نێوان دەسەڵاتی سووریا و ئیدارەی کوردی دەکات."
ماکرۆن گوتیشی: "پێشنیازم بۆ شەرع کرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کار لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات."
رۆژی 10ی ئاداری 2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، ماکرۆن سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و گوتیشی: "هێرش و بۆردوومان گەرەنتیی ئاسایشی ئیسرائیل ناکەن."
دوای گرژییەکانی هەفتەی رابردوو کە بوونە هۆی کوژرانی 119 کەس و زۆربەیان دروز بوون، ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا.
ئیسرائیل کە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە رووبەرێکی فراوانتری سووریای داگیرکردووە، دەڵێت، دەیەوێت پێکهاتەی دروز بپارێزێت.
ئەحمەد شەرع گوتی: "سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل دەکەین؛ ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی پێکهاتەکان هێرش دەکات."
سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و چەند نێوەنگیرێکیشیان لە نێواندایە، "ئەوەش بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ ئەوەی نەگاتە خاڵێک کە لە کۆنترۆڵی هەردوولا دەربچێت."
ئەمە یەکەم سەردانی ئەورووپا بوو بۆ شەرع. ماکرۆن گوتی: "فەرەنسا پشتیوانیی لابردنی قۆناخ بە قۆناخی سزاکانی سەر سووریا دەکات و هانی ئەمریکاش دەدات هەمان شت پەیڕەو بکات."
سەرۆکی فەرەنسا داوای لە هاوتا سووریاییەکەی کرد "بێ جیاکاری پارێزگاری لە هەموو سووریاییەکان بکرێت. سەقامگیریی سووریا هۆکارێکی گرنگی ئاسایشی ناوچەکەیە و سووریا بەبێ بووژانەوەی ئابوووری، ناتوانێت سەقامگیریی بەدەستبێنێت."
لە بەرامبەردا ئەحمەد شەرع کە بەیاوەریی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆمەڵێک بەرپرسی دیکە چوونەتە فەرەنسا گوتی: "گەلی سووریا سوورن لەسەر بنیاتنانەوەی ئەو شتانەی جەنگ خاپووری کردن."
سەرۆکی سووریا جەختی لە پێویستیی لابردن و سووککردنی سزاکان کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ