رووداو دیجیتاڵ
کشمیر جارێکی دیکە بووە خاڵی تەقینەوەی گرژییەکانی باشووری ئاسیا. ئەمجارەش گەڕێکی دیکەی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان هیندستان و پاکستان روویدا؛ ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هیندستان نۆ پێگەی سەربازانی پاکستانی لە کشمیر بەئامانج گرت.
ویکرام میسری، وەزیری دەرەوەی هیندستان لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر پاکستان گوتی، "ئەم کردارانە پێوانەکراو، ناتێکدەر، گونجاو و بەرپرسیارانە بوون. سەرنجیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی تیرۆریستی و لەکارخستنی ئەو تیرۆریستانە بوون کە ئەگەری ئەوە هەبوو رەوانەی هیندستان بکرێن."
بەگوتەی بەرپرسانی پاکستان، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 36 کەس و لەنێویاندا 26 هاووڵاتی سیڤیل هەن.
هێرشەی هیندستان بێ وەڵام نەبوو، هەر زوو بەرپرسانی پاکستان رایانگەیاند، تۆڵەسەندنەوە دەستیپێکردووە و سوپای ئەو وڵاتە، سێ پێگەی هیندستانی بەئامانج گرتووە و پێنج فڕۆکەی ئەو وڵاتەشیان خستووەتە خوارەوە.
لەسەر هێڵی کۆنترۆڵیش کە سنووری کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندستان و پاکستانیش دیاریدەکات، تەقەکردن لە نێوان هەردوولا بەردەوامە.
ئەحمەد شەریف چۆدری، گوتەبێژی سوپای پاکستان لەبارەی وەڵامدانەوەی هیندستان باسی لەوە کرد، "پاکستان تەنیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی وەڵامی داوەتەوە. ھیندستان بوو کە ترسنۆکانە ھێرشی کردە سەر پاکستان و سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەمانی پێشێل کرد و ھاووڵاتییانی بێتاوانی کوشت، لەنێویاندا منداڵان، ژنان و بەساڵاچووان. پاکستان مافی خۆی دەپارێزێت و لەو کات و شوێنە و بەو شێوازەی کە خۆمان دەمانەوێت وەڵامی ئەو دەستدرێژییە دەدەینەوە."
ئەو دۆخەی ناوچەکەی گرتووەتەوە لە دوای 22ـی نیسانەوە دەستیپێکردووە. ئەوکاتە هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ناوچەیەکی گەشتیاری کشمیر، کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت. 26 کەس لە رووداوەکە کوژران، نیودەلهیش پەنجەی تۆمەتی بۆ پاکستان درێژ کرد.
هەردوو لایەنی هیندی و پاکستانی خاوەنی چەکی ئەتۆمین و هەردوولاشیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان.
ململانێکە کشمیری کردووەتە خاڵێکی پڕ مەترسی لە جیهان و هەر هەنگاوێکی داهاتوو یاخود هەر هەڵەیەک، دەکرێت نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێت و چارەنووسی ملیۆنان کەس بە نادیاری بهێڵێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ