رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی هیندستان رایگەیاند، ئەوان لە پاکستان چەندین کەمپی "تیرۆریستانیان" کردووەتە ئامانج. "ئۆپەراسیۆنی سیندوور" وەڵامی هێرشی چەکداری بوو لەسەر کشمیر. لە هەردوولا بە دەیان کوژراو و بریندار هەن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای راگرتنی شەڕ دەکات.
کۆڵۆنێڵ سۆفیا قورەیشی، فەرماندە لە هێزەکانی هیندستان رایگەیاند، ئەوان نۆ هێرشیان بۆ سەر خاکی پاکستان ئەنجامداوە و بە چەکی مۆدێرن بنکەکانی "تیرۆریستان"یان کردووەتە ئامانج.
پاکستان بە هێرش وەڵامی هیندستانی داوەتەوە و رایگەیاند، هیندستان 26 هاووڵاتیی سڤیلی کوشتووە.
لە ئۆپەراسیۆنی "سندوور"دا هیندستان بە گوتەی خۆی نۆ کەمپی تیرۆریستانی لە پاکستان خاپوور کردووە. قورەیشی ئاشکرای کرد، ئەو کەمپانە بۆ راهێنان و دامەزراندنی چەکداران بەکاردەهێنران.
هەواڵگریی هیندستان ئاشکرایکرد، بەڵگەیان هەیە کە پاکستان لە هێرشی چەکداری سەر ناوەندێکی گەشتیاری لە کشمیر بەشدار بووە.
ئۆپەراسیۆنەکانی ئەوان لە رۆژی شەشی ئایار وەڵامێک بوو بۆ ئەو هێرشە، کە 26 کوژراوی سڤیلی هیندستانی لێکەوتبووەوە.
پاکستان بە چەندین هێرشی سەربازی لە ناوچەکاندا وەڵامی هیندستانی داوەتەوە، ئاسمانی خۆی داخستووە و خستنە خوارەوەی پێنج درۆنی هیندستانی لە سنوورەکانی خۆی راگەیاندووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی شەڕ دەکات
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هەردوو دەوڵەتی خاوەن چەکی ئەتۆمی کردووە، واز لە شەڕ بهێنن و گوتی: "جیهان توانای رووبەڕووبوونەوەی شەڕێکی سەربازی لە نێوان پاکستان و هیندستان نییە."
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز دووپاتی کردەوە، نابێت هاووڵاتیی سڤیل بکەونە نێوان هەردوولا و دەبێت ناکۆکییەکان کۆتاییان بێت و پێویستە ئەم ئاڵۆزییە لە رێی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ