رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی واشنتنی بۆ ئۆکراینا دووپات کردەوە و بەڵێنی ناردنی هاوکاری بە بڕی 225 ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ ئۆکراینا دا. سەرۆکی فەرەنساش دەڵێت: "فڕۆکەی جەنگی دەدەینە ئۆکراینا".
رۆژی هەینی، 07-06-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆبووەوە. بایدن بە سەرۆکی ئۆکراینای گوت: "ئەمریکا شانبەشانتان دەوەستێت. ئێوە تا ئێستا نەچەماونتەوە و خۆتان بەدەستەوە نەداوە. ئێوە بەشێوەیەک لە شەڕکردن بەردەوامن کە زۆر ناوازەیە".
بایدن بەڵێنی بە سەرۆکی ئۆکراینا دا حکومەتی وڵاتەکەی لە پاکێجێکی نوێدا بە بەهای 225 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکراینا دابین دەکات.
بەگوێرەی کۆشکی سپی، هاوکارییەکان بریتیین لە "مووشەک بۆ سیستمی بەرگری، گوللـە هاوەن و گوللـە تۆپی 155 ملیمی و 105 ملیمی؛ چەند تەقەمەنییەکی کاریگەری دیکە".
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، پاکێجە ئەمنییەکە ئەو چەک و تەقەمەنییانە بۆ ئۆکراینا فەراهەم دەکات کە "دەتوانن پێداویستی و بۆشاییەکانی سوپا پڕبکەنەوە".
سەرۆکی فەرەنساش رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی فڕۆکەی جەنگی میراژ 2000 بە ئۆکراینا دەدات و راهێنانیش بە فڕۆکەوانانی ئۆکراینی دەکات.
بەگوتەی سەرۆکی فەرەنسا، رەنگە لە هاوینی ئەم ساڵدا فڕۆکەکان رادەستی ئۆکراینا بکرێن و لە پێنج بۆ شەش مانگی داهاتووشدا فڕۆکەوانانی ئۆکراینا راهێنانیان پێدەکرێت.
لە چەند مانگی رابردوودا بەرپرسانی ئۆکراینا گوشارەکانیان لەسەر رۆژئاوا زیاتر کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری سەربازیی زیاترییان پێشکێش بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی رووسیا هێرشی بۆ سەر سوپای ئۆکراینا چڕتر کردەوە.
لە دوو ساڵ و سێ مانگی جەنگی ئۆکراینادا نزیکەی 60 وڵات بە بەهای 118 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە. وڵاتانی ئەورووپاش لەو ماوەیەدا مەشق و راهێنانیان بە 50 هەزار سەربازی ئۆکراینی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ