رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا دەیەوێت سووریا لە دوو لیستی ناسراو بە "وڵاتانی شەڕەنگێز" و "پشتیوانکارانی تیرۆر" لاببات. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا هەنگاوێکی پەسند کرد.
رۆژی هەینی، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنەکە بڕیاری لابردنی سووریای لە لیستی "وڵاتانی شەڕەنگێز" پەسند کرد. پڕۆژە بڕیارەکە لەلایەن هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەوە رەزامەندی لەسەر درابوو.
لیستی "وڵاتانی شەڕەنگێز" ماوەی نزیکەی 30 ساڵە لەلایەن ئەمریکاوە دروستکراوە بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو وڵاتانەی لەلایەن واشنتنەوە بە دووژمنایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، پشتیوانی کردن لە تیرۆر، هەوڵدان بۆ دەستخستنی چەکی کۆمەڵکوژ یان پێشێلکاریی گەورەی دژی مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەکرێن.
جین شاهین، سیناتۆری دیموکرات و ئەندامی باڵای لیژنەکە بڕیارەکەی راگەیاند و گوتی: "خۆشحاڵم کە لیژنەکەمان ئەو هەموارەیان پەسندکردم کە بۆ لابردنی سووریا لە لیستی 'وڵاتانی شەڕەنگێز' پێشكێشم کردبوو."
خانمە سیناتۆرەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "پێویستە سووریا بەردەوام بێت لە خۆدوورخستنەوە لە تەونە کۆنەکانی و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی، سەقامگیری و ئاسایش."
هێشتا رووسیا، کۆریای باکوور، ئێران، کووبا و ڤەنزوێلا لە لیستەکەدان و پێشتر عێراق، لیبیا و سوودانیشیان لەگەڵ بوون.
هەر وڵاتێک لەو لیستەدا بێت، حکومەتی ئەمریکا بۆی نییە لە هەندێ بواری دیاریکراودا، وەک وزەی ئەتۆمیی ئاشتییانە، کاری لەگەڵدا بکات.
لە پێشهاتێکی هاوشێوەدا، تۆم باراک نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت سووریا لە لیستی "پشتیوانکارانی تیرۆر"یش دەربێنێت.
باراک لە 29ـی ئایار لە دیمەشق نیازەکەی رایگەیاند کاتێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمار و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ