رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە ئیلۆن مەسک دەدات و دەڵێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسدا دژی کۆمارییەکان پشتیوانی لە دیموکراتەکان بکات، رووبەڕووی "لێکەوتەی زۆر گەورە" دەبێتەوە.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا بە کەناڵی ئێن بی سی نیووزی راگەیاند: "ئەگەر ئەو وا بکات، ئەوا باجی لێکەوتەکانی دەدات."
ترەمپ روونی نەکردەوە کە "لێکەوتەکان" چی دەبن، بەڵام گوتی: "رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر خراپ دەبێتەوە ئەگەر وا بکات."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئامادە نییە پەیوەندی لەگەڵ مەسک ئاسایی بکاتەوە، دوای ئەوەی کە رۆژی پێنجشەممە ناکۆکیی نێوانیان تەقییەوە.
پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا حەز دەکات لەگەڵ مەسک قسە بکاتەوە، لە وەڵامدا گوتی: "نەخێر".
لە وەڵامی ئەوەی ئایا پێیوایە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ملیاردێرەکە کۆتایی هاتووە، ترەمپ گوتی: "وای دەبینم. بەڵێ."
رۆژی پێنجشەممە، هەردوو پیاوەکە کە پێشتر هاوڕێی نزیکی یەک بوون، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیانەوە، ئێکس و ترووس سۆشیال، هێرشیان کردە سەر یەکدی.
دوای ئەو شەڕە پۆست و قسەیە، ترەمپ پێوایە پارتی کۆماری لە هەر کاتێکی دیکە یەکگرتووترە.
ترەمپ باسی لەوە کرد ئامادە نییە قسە لەگەڵ مەسک بکاتەوە و گوتی: "زۆر سەرقاڵم."
هەرەوها مەسکی تۆمەتبار کرد بەوەی رێزی لە پێگە و سەنگی سەرۆکی ئەمریکا نەگرتووە.
ترەمپ گوتی: "پێموایە ئەوە شتێکی زۆر خراپە، چونکە ئەو زۆر بێڕێزە. نابێت بێڕێزی لە بەرامبەر پێگەی سەرۆک بکەیت."
مەسک رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک پۆستی لە دژی ترەمپ کردن، لە یەکێکیاندا باسی لەوە دەکرد کە ترەمپیش لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە لەگەڵ جێفری ئیپستەین منداڵبازییان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ مەسک ئەو پۆستەی سڕیەوە.
ترەمپ لەو بارەیەوە گوتی: "ئەوە هەواڵێکی کۆنە. چەندین ساڵە باس دەکرێت. تەنانەت پارێزەرەکەی ئیپستەین گوتی کە من هیچ پەیوەندیم پێوەی نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ