رووداو دیجیتاڵ
چوار کوردی باشووری کوردستان لە لیستى سوورى داواکراوانى پۆلیسی نێودەوڵەتیی (ئینتەرپوڵ)دان و تاوانەکانیان تایبەتن بە کوشتن و دەستدرێژیى سێکسی، هەر چواریشیان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا داواکراون. دوو هاووڵاتیى عێراقیش لەهەمان لیستدان، یەکێکیان نزار خەزرەجییە، کە تۆمەتبارێکى شاڵاوى ئەنفالە.
بەگوێرەى لیستى داواکراوانى پۆلیسى نێودەوڵەتیى (ئینتەرپوڵ) لە ئاستى رەنگى سوور، کە گرنگترین داواکراون، چوار کوردی باشووری کوردستان داواکراون. یەکێک لەوانە ناوى ئازاد ستارە و تەمەنى 42 ساڵە و لەدایکبووى قەزاى خانەقینى سنوورى پارێزگاى دیالەیە، لەلایەن نەرویجەوە داواکراوە و تۆمەتەکەشی دەستدرێژیى سێکسییە.
دووەم داواکراوى کورد ناوى گەرمیان خەلیلە و تەمەنى 25 ساڵە و لەلایەن سوێدەوە داواکراوە. ئەو تۆمەتەى ئاراستەى کراوە رفاندن و کوشتنە.
یەکێکى دیکە لەو هاونیشتمانییە کوردانەى کە لە لیستى داواکراوانى ئینتەپوڵدایە، ناوى حوسێن سامانە، کە لەدایکبووى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانە و تەمەنى 67 ساڵە، لەلایەن بۆسنە و هەرزەگۆڤین داواکراوە. ئەو تۆمەتەى ئاراستەى کراوە تایبەتە بە خراپ بەکارهێنانى کارەکەى.
چوارەم داواکراوى کورد لە ئینتەپوڵ ناوى ئازاد غالیبە و تەمەنى 52 ساڵە، بە تۆمەتی کوشتن لەلایەن نەرویجەوە داواکراوە.
لەنێو داواکراوانى لیستى سوورى پۆلیسی ئینتەرپوڵدا دوو هاووڵاتیى عێراقى هەن، یەکێکیان نزار خەزرەجى، سەرۆک ئەرکانى پێشووترى سوپاى عێراقە لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس. خزرەجی یەکێکە لەوانەى تۆمەتبار کراوە بەوەى رۆڵى لە تاوانی ئەنفالدا هەبووە لە دژى کورد.
نزار خەزرەجى لە ساڵى 1995 لە عێراق هەڵهات و پەناى بردە بەر دانیمارک، بەڵام بەگوێرەى زانیاریى نێو لێستەکەى ئینتەرپوڵ، لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە تۆمەتى بەشداریکردن لە تاوانی کوشتن داوا کراوە.
هاووڵاتییەکى دیکەى عێراق، کە لە لایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە داواکراوە، ناوى کازم غەیبی-یە و تەمەنى 57 ساڵە و خەڵکى شارى نەجەفە، بە تۆمەتى دزی و کوشتنى بەمەبەست لەلایەن بەلجیکاوە داواکراوە.
ئینتەرپوڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و تایبەتە بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی لەلایەن وڵاتانەوە داواکراون، 195 وڵات ئەندامی رێکخراوەکەن، کە عێراق یەکێکیانە.
رۆژی 26ى حوزەیرانى 2023، ئەندامانى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق دەنگیاندا لەسەر کردنەوەى نووسینگەى پۆلیسی ئینتەرپوڵ لە دەروازە سنوورییە وشکانى و ئاوییەکان و فڕۆکەخانەکانى عێراق. ئەو نووسینگانە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ نووسینگەکانى دەزگاى هەواڵگریى نیشتمانى کاردەکەن بۆ چاودێریکردنى دۆسیەى داواکراوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ