وردەکاریی سووتان و گیانلەدەستدانی باوک و کوڕە کوردەکەی بەریتانیا

07-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ کەسوکاری ئەو باوک و کوڕەی گیانیان لەدەستدا
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ کەسوکاری ئەو باوک و کوڕەی گیانیان لەدەستدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە بەریتانیا باوکێکی کورد هەوڵدەدات کوڕەکەی لە سووتان رزگار بکات، بەڵام هەم خۆی و هەم جگەرگۆشەکەشی گیان لەدەستدەدەن.
 
ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی قورس بوو بۆ کوردانی دانیشتووی باشووری وێڵز لە بەریتانیا، بەهۆی ئەوەی لە شارۆچکەی سوانسی لە ماڵێک ئاگرکەوتەوە. 
 
کاتی رووداوەکە منداڵێکی سێ ساڵە لە ژوورەوەیە و باوکی لەتاو منداڵەکەی دەچێتە نێو ئاگرەکە. محەممەد لەنێو ئاگرەکەدا گیانلەدەستدات و نیعمەتی باوکیشی دوای دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیعمەتی باوکی محەممەد چالاک بووە و جار جار وێنەیەکی کوڕەکەی داناوە. بەتایبەتیش لە رۆژی لەدایکبوونەکانیدا سوپاسی خوا دەکات کە ئەو کوڕەی داوەتێ. نزا دەکات بۆ ئەوانەی منداڵیان نییە و هیواش دەخوازێت محەممەد ئایندەیەکی گەشی هەبێت. ئەو رووداوە دیاسپۆرای کوردیی بەریتانیای هەژاندووە.
 
رەشوان مەلا لاوە، برای نیعمەت لە بەریتانیاوە بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد و رایگەیاند، سەرەتا ئاگر لە ژووری منداڵەکە لە نهۆمی دووەم کەوتووەتەوە، ئەو کات نیعمەت لە خوارەوە بوو، لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی کوڕەکەی سووتا و گیانی لەدەستدا؛ "هەرچەندە براژنەکەم بوێرانە هەوڵی رزگارکردنی هاوژین و منداڵەکەیدا بەڵام هەر ئەوەندەی بۆ کرا و بەداخەوە نەیتوانی رزگاریان بکات."
 
رەشوان مەلا لاوە گوتیشی، "لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا کوڕە گەورەکەی نیعمەت لە دەرەوە بووە و یاری دەکرد، کچەشی لە ژوورێکی دیکە بوو، بۆیە ئەوان سەلامەت بوون." 
 
رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە رۆژی شەممەی رابردوو بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی پۆلیسی بەریتانیا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی ئاشکرا نەکردووە. 
 
برای پیاوە کۆچکردووەکە دەڵێت، "تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ سەرەداوێکی رووداوەکەی دەستنەکەوتووە و بەردەوامن لە لێکۆڵێنەوە، هیچ میدیایەکی بەریتانیا هۆکاری هەڵگیرسانی ئاگرەکەی بڵاونەکردووەتەوە، لەکاتێکدا بەشێک لە میدیای کوردی هەواڵەکەیان بە هەڵە بڵاوکردەوە و هەریەکەیان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەیان بەشێوەیەک باسکردووە کە ئەمەش جێگەی نیگەرانی ئێمەیە." 
 
رەشوان مەلا لاوە سوپاسی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا کرد و گوتی، "پارێزگاری شارەکە بەردەوام لەگەڵمان بووە و چەندین پەرلەمانتاری ناوچەکە بەردەوام لەگەڵمان بوون و دڵنەواییان کردووین، جگە لە خەڵکی ناوچەکەش کە زۆر دڵنەواییان کردین. لەلایەکی دیکەشەوە رەوەندی کوردی لە بەریتانیا بەگشتی و لە ناوچەکە بەتایبەتی زۆر لەگەڵمان ماندوبوون، تەنانەت بێ ئاگاداری ئێمە پارەیان کۆکردووەتەوە بۆ کڕینی پێداویستی نێو ماڵی براکەم و بۆ خەرجی گواستنەوەی تەرمەکانیان بۆ کوردستان." 
 
تەرمی باوک و کوڕەکە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە هەولێر دەنێژرێن، هەر لەوێش پرسەیان بۆ دادەنرێت.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.