تویتەر بەتۆمەتی "دزینی بیرۆکە" سکاڵا لەسەر مێتا تۆماردەکات

07-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای کەمتر لە 24 کاژێر لە بەردەستکردنی ئەپی سرێدز لە لایەن کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووکەوە، تویتەر هەڕەشە دەکات بە تۆمەتی دزینی بیرۆکە و توانا مرۆییەکانی، سکاڵای لەسەر تۆماربکات. 
 
سرێدز کە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی پەیوەست بە بڵاوکردنەوەی نووسین، وێنە و ڤیدیۆیە، هاوشێوەی تویتەرە و لە چەند کاژێرێکدا 30 ملیۆن بەکارهێنەری تێپەڕاند. 
 
ماوەیەکی کەم دوای دەستبەکاربوونی ئەپەکە، پارێزەرێکی تویتەر بە ناوی ئەلێکس سپیرۆ، نامەیێکی بۆ مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا ناردووە و تێیدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی تۆمەتبارکردووە بە بەدەستهێنانی نایاسایی نهێنیی بازرگانی و سامانە هزرییەکانی دیکەی تویتەر. 
 
لە نامەکەدا هاتووە: "تویتەر بەنیازە مافی سامانە هزرییەکەی بە تووندی جێبەجێبکات و داوا بکات کە مێتا دەستبەجێ هەنگاو بنێت بۆ وەستاندنی بەکارهێنانی هەر نهێنییێکی بازرگانیی تویتەر یان زانیاریی دیکەی زۆر نهێنی."
 
پارێزەرەکەی تویتەر هەروەها نووسیویەتی: "هەموو مافەکان، لە نێویاندا بەڵام نەک تەنیا، داواکاردنی قەرەبووی مەدەنی و قەرەبووی یاسایی بێ ئاگادارکردنەوەی دیکە بۆ وەستاندنی هێشتنەوە، ئاشکراکردن یان بەکارهێنانی سامانی هزریی تویتەر لە لایەن مێتاوە، بۆ تویتەر پارێزراون."
 
سپیرۆ مێتا تۆمەتبار دەکات بەوەی "دەیان" کارمەندی پێشووی تویتەر کە "پێشتر و ئێستاش دەستیان بە نهێنییە بازرگانییەکانی تویتەر" و زانیارییە نهێنییەکانی دیکە دەگات، دامەزراندووە. 
 
نامەکە باس لەوە دەکات، ئەو کارمەندانە راسپێردراون بە بەکارهێنانی "نهێنی بازرگانی و سامانە هزرییەکانی دیکەی تویتەر" ئەپێکی هاوشێوەی تویتەر دروستبکەن "بۆ ئەوەی گەشەپێدانی ئەپەکەی مێتا بەهێزبکەن کە ئەوەش پێشێڵی یاساکانی ویلایەتەکان و فیدراڵی و هەموو بەرپرسیارێتییە بەردەوامەکانی ئەو کارمەندانە بەرامبەر بە تویتەر دەکات". 
 
ئەندی ستۆن، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی مێتا لە وەڵامی نامەکەی تویتەردا، لە پۆستێکی سرێدزدا دەڵێت: "بۆ ئەوەی روون بێت، هیچ کەسی نێو تیمی ئەندازیارانی سرێدز کارمەندی پێشووی تویتەر نین. هیچ شتێکی لەو جۆرە نییە."
 
سرێدز یەکێکە لە چەندین ئەپی رکابەری تویتەر کە لە دوای کڕینی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکەوە لە لایەن مەسکەوە سەرنجیان بۆ خۆیان راکێشاوە. بەڵام ئەم پێشهاتە نوێیە، دەریدەخاتە کە سرێدز دیارترین و بەهێزترین رکابەرە، چونکە تویتەر بە خێرایی هەنگاوی لە دژ نا. 
 
مەسک تاوەکو ئێستا لە بارەی وەگەڕخستنی سرێدزەوە بێدەنگ بووە، بەڵام لە تویتێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ نامەکەی سپیرۆ دەربڕی و نووسی: "رکابەرایەتیی ئاساییە، بەڵام نەک گزیکردن."
 
هاوکات، لیندا یاکارینۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر باسی لەوە کرد کە تۆڕەکەیان "هەندێ جار لاسایی دەکرێتەوە، بەڵام کۆمەڵەی بەکارهێنەرانی تویتەر هەرگیز دووبارە نابێتەوە."
 
زوکەربێرگ دوای زیاتر لە 10 ساڵ، بۆ یەکەمین جار تویتێکی کرد کە وێنەی دووکەس لەخۆدەگرێت کە وەکو یەک جلی سپایدەرمانیان لەبەرکردووە، لەیەک دەچن و بە پەنجە ئاماژە بۆ یەک دەکەن، ئەمەش وەک پەیامێک کە سرێدز هاوشێوەی تویتەرە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە