رووسیا بە درۆن و مووشەک چەند هەرێمێکی ئۆکراینای کردە ئامانج

07-07-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئەنجامی هێرشی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 40 کەسیش بریندار بوون.  
 
دووشەممە 7ی شوباتی 2025، بەرپرسێکی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا چەند ناوچەیەکی لە ئۆکراینا کردوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 40 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
فریاگوزاریی ئۆکراینا گوتی، لە هەرێمی سومی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دوو کەس کوژراون و لە هەرێمی ئۆدیساش کەسێک؛ لە هەرێمی خیرسۆنیش کەسێك کوژراوە. 
 
بەرپرسانی ئۆکراینا رایانگەیاند، زیاتر لە 40 کەسیش لە ئەنجامی هێرشەکان بریندار بوون کە زۆربەیان لە هەرێمی خارکیڤ و دنیپرۆپێترۆڤسک بوون. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش شاری پیشەسازیی ژاپۆریژیا کرایە ئامانج. 
 
هێزی ئاسمانیی ئۆکرینا گوتی، رووسیا 101 درۆن و 4 مووشەکی لە زنجیرە هێرشەکانییدا بەکارهێناوە. 
 
هەرچەندە هەوڵێک هەبوو لە لایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و چەند گەڕێکی دانوستاندنیش بەڕێوەچوون، بەڵام هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی هەردوولا بۆسەر یەکدی بەردەوامن.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ئەمڕۆ دووشەممە داوای لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کرد پەلە بکەن لە ناردنی سیستمی بەرگریی دژە مووشەک بە مەبەستی شکستهێنان بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی رووسیا. 
   
لە هەمان کاتدا ئۆکرایناش لەسەر هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی رووسیا بەردەوامە. 
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو 91 درۆنی ئۆکراینی تێکشکاندووە کە هەشت دانەیان لە نزیک مۆسکۆ بوون؛ ئەوانی دیکەش لەو هەرێمانە بوون کە نزیکن لە سنوورەکانی ئۆکراینا.
 
رۆژی هەینی، رووسیا گەورەترین هێرشی درۆن و مووشەکی کردە سەر ئۆکراینا کە بەکارهێنانی 530 درۆن و دەیان مووشەک بوو. 
 
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022 هەڵگیرسا و ئێستاش مۆسکۆ کۆمەڵێک مەرجی بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەیە، لەوانەش هێشتنەوەی ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردوون لە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

 

نووسین: زەینەب وریا

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە