رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا رایگەیاند، رۆمان ستارۆڤۆیت، وەزیری پێشووی گواستنەوەی رووسیا، دوای چەند کاژێرێک لە دوورخستنەوەی لەلایەن ڤلادیمیر پووتینەوە، خۆی کوشتووە.
رۆژی دووشەممە، 7ـی تەممووزی 2025، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمڕۆ تەرمی رۆمان ستارۆڤۆیت، وەزیری پێشووی گواستنەوە، لەنێو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەیدا لە ناوچەی ئۆدینتسۆڤۆ دۆزرایەوە."
ستارۆڤۆیتی تەمەن 53 ساڵ، لە مانگی ئایاری 2024ەوە وەک وەزیری گواستنەوەی رووسیا دەستبەکار بوو. پێشتر پارێزگاری هەرێمی کورسک بوو، کە رووسیا لەوێ رووبەڕووی هێرش و پێشڕەویی هێزەکانی ئۆکراینا بووەوە.
لیژنەی لێکۆڵینەوە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەزیرە رووسییەکە خۆی کوشتووە.
تائێستا روون نییە چ کاتێک وەزیرەکە گیانی لەدەستداوە.
چەند کاژێرێک پێشتر، کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا - کرێملن فەرمانێکی واژۆکراوی پووتینی بڵاوکردەوە بۆ دوورخستنەوەی ستارۆڤۆیت لە ئەرکەکانی.
لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، "رۆمان ستارۆڤۆیت لە پۆستی وەزیری گواستنەوە دوورخرایەوە."
دوورخستنەوەی ستارۆڤۆیت دوای هەفتەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیی گەشتە ئاسمانییەکان هات لە فڕۆکەخانەکانی رووسیا، کە بەهۆی هێرشی درۆنی ئۆکرایناوە دروست بوو.
میدیای رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە کردووە، رەنگە دوورخستنەوەکە پەیوەندیی بە گەندەڵی لە هەرێمی کورسک و دۆسیەیەکی تاوانکارییەوە هەبێت، بەتایبەتی لەبارەی بەهەدەردانی ئەو پارەیەی بۆ دروستکردنی سەنگەری بەرگری لە ناوچە سنوورییەکان تەرخانکرابوو.
پێش راگەیاندنی هەواڵی گیانلەدەستدانی ستارۆڤۆیت، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن، لەبارەی دوورخستنەوەکەوە گوتی، "پەیوەندیی بە لەدەستدانی متمانەوە نییە."
ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی کرێملن هەواڵی دوورخستنەوەکەی راگەیاند، پووتین لەگەڵ یەکێک لە جێگرەکانی ستارۆڤۆیت، ئاندرێی نیکیتین کۆبووەوە و وەک وەزیری گواستنەوە بە وەکالەت دەستنیشانی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ