بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران پۆڵەندا پشکنینی لەسەر سنوورەکانی دەستپێکردەوە

07-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، پۆڵەندا دەستی بە پشکنینی سنوورەکانی لەگەڵ ئەڵمانیا و لیتوانیای دراوسێی کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناڕەزایی دژی کۆچبەران لە زیادبووندایە و گوشاری سیاسیی لەسەر بەرلین و وارشۆ دروستکردووە.
 
پۆڵەندا دەڵێت، مانگانە سەدان کۆچبەر، کە زۆربەیان خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، لە بێلاڕووسەوە دەپەڕنەوە بۆ وڵاتانی باڵتیک، پاشان بەنێو پۆڵەنداوە بۆ ئەڵمانیا دەڕۆن.
 
پرسەکە گرژی خستووەتە نێوان ئەڵمانیا و پۆڵەندا، وارشۆ، بەرلینی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی دەستگیریان دەکات، دەیاننێرێتەوە بۆ پۆڵەندا.
 
وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە زاری تۆماس سیمۆنیاکی وەزیری ناوخۆ رایگەیاند: "ئامانجی پشکنینەکان بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییە."
 
دوای دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان رۆژی دووشەممە، پاسەوانانی سنووری پۆڵەندا پیاوێکیان بە تۆمەتی یارمەتیدانی کۆچی نایاسایی دەستگیرکرد، دەستگیرکراوەکە هاووڵاتییەکی ئیستۆنییە و تۆمەتبارە بە گواستنەوەی چوار کۆچبەری نایاسایی، کە پێدەچێت خەڵکی ئەفغانستان بن.
 
سیمۆنیاک گوتی دەستگیرکردنەکە "سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم پشکنینانە پێویستن."
 
ئەڵمانیا، کە لە ساڵی 2023ـەوە پشکنینی لەسەر سنووری پۆڵەندا دەستپێکردووە، پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی پۆڵەندا کردووە و داوای هاوئاهەنگیی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پرسە. 
 
سیمۆنیاک رایگەیاند، بە گشتی 52 خاڵی پشکنین لەسەر سنووری ئەڵمانیا و 13 خاڵ لەسەر سنووری لیتوانیا دانراون.
 
پشکنینەکان لە 7ی تەممووزەوە تاوەکو 5ی ئاب بەردەوام دەبن، بەڵام رەنگە درێژبکرێنەوە.
 
بەگوتەی بەرپرسانی پۆڵەندا، پشکنینەکان زیاتر کتوپڕ دەبن، بەتایبەتی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی چەندین سەرنشینیان تێدایە.
 
سیاسەتڤانە ناسیۆنالیست و راستڕەوە تووندڕەوەکانی پۆڵەندا حکومەتی ئێستای وڵاتەکەیان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە پرسی کۆچدا "ملکەچی" ئەڵمانیا بووە و رێگەی داوە بەرلین پۆڵەندا پڕ بکات لە کۆچبەر.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی پۆڵەندا، تەنیا پار، نزیکەی 17 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بێلاڕووسەوە چوونەتە ئەو وڵاتە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە