رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی وەڵامی پرسیارێکی رووداوی لەبارەی لێدوانێکی سەرۆککۆماری ئێران دایەوە و جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "کەسی شیاوە" بۆ ئەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهێنێت.
رۆژی دووشەممە، 7ـی تەممووزی 2025، کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن دایەوە.
ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، پێیوایە دۆناڵد ترەمپ دەتوانێ لەنێوان ئاشتی یان شەڕ یەکێکیان هەڵبژێرێت.
گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی رووداودا لەوبارەیەوە گوتی: "من دڵنیا نیم ئەگەر ئەو [ترەمپ] کۆمێنتانەی بینیبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە باوەڕم وایە ئەوە راستە کە سەرۆک کەسێکی شیاوە بۆ ئەم کارە بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە بەرەو ئاشتی و سەقامگیری ببات لە داهاتوودا."
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ و تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رۆژانە بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا کار دەکەن و "دەستکەوتی مێژووییمان بەو ئاراستەیەدا بەدەستهێناوە."
جەنگی 12 رۆژی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیران بە هێرشی ئیسرائیل دەستیپێکرد و ئەمریکاش لە 22ی حوزەیران چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان.
ترەمپ دوای جەنگەکە رایگەیاند، ئێران ئامادەی گفتوگۆیە و لە ماوەیەکی نزیکدا گفتوگۆکان لەگەڵ تاران دەستپێدەکەنەوە، بەلام بەرپرسانی ئێران رەتیانکردووەتەوە کە هیچ کاتێکیان بۆ گفتوگۆکردن دیاریکردبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ