رووداو دیجیتاڵ
بەلەمێکی کۆچبەران بە 57 کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی تونس ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە 11 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و 44 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون؛ تائێستا تەنیا دوو کۆچبەر رزگارکراون.
رۆژی دووشەممە، 7ـی ئابی 2023، فەوزی مەحموودی، گوتەبێژی دادگەی سەفاقس لە تونس ئاشکرای کرد، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتەکە ژێرئاو کەوتووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستانی 11 کۆچبەر کە سەرجەمیان خەڵکی وڵاتانی خوارووی ئەفریقیا بوون."
گوتەبێژەکەی دادگەی تونس رایگەیاند، بەلەمەکە لە دەریای نێوەڕاست لە نزیک دوورگەی قرقنەی تونس ژێرئاوکەتووە و 57 کۆچبەری تێدابووە و تەنیا دوو لە کۆچبەرەکان رزگارکراون و 44 کۆچبەریش بێسەروشوێنن.
بەگوتەی بەرپرسانی تونس، بەلەمەکە رۆژی هەینی لە کەناراوەکانی شاری سەفاقس بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بەڕێکەوتووە.
دووریی نێوان دوورگەی لامپێدووسای ئیتاڵیا و کەناراوەکانی شاری سەفاقس لە تونس 130 کیلۆمەترە، ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کۆچبەرێکی زۆر لە وڵاتانی ئەفریقیاوە هەوڵ بدەن لەو رێگەیەوە خۆیان بگەیێننە کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نێوخۆی تونس، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 20ـی تەممووزی ئەمساڵ، تەرمی 901 کۆچبەر لە کەناراوەکانی تونس دۆزراونەتەوە و زیاتر لە 34 هەزار و 290 کۆچبەری دیکەش لە خنکان رزگارکراون، یاخود رێگەیان لێگیراوە لەو رێگەیەوە بپەڕنەوە.
بەگوتەی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 90 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، "کە زۆربەیان لە رێگەی تونس و لیبیاوە هاتوون."
رێگەی دەریای نێوەڕاست بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکانی پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا دادەندرێت و بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ەوە زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەری ئەفریقی لەو رێگەیەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ