رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک کۆچبەر کە بە قاچاخ خۆیان گەیاندبووە یەکێک لە کەناراوەکانی باشووری ئیسپانیا، لەگەڵ گەیشتنیان، پۆلیس هەوڵی دەستگیرکردنیان دەدات، بەڵام کۆچبەرەکان بەنێو خەڵکدا هەوڵی هەڵاتن دەدەن، دواتر زۆربەیان لەلایەن گەشتیارانەوە دەستگیر دەکرێن و رادەستی پۆلیس دەکرێن.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، رۆژی چوارشەممە 06ـی ئاب، 13 کۆچبەری نایاسایی لەنێو بەلەمێکدان پێش ئەوەی بگەنە کەناراوەکانی هەرێمی ئەندەلوس لە باشووری ئیسپانیا، لەنێو بەلەمەکە خۆیان فڕێدەدەنە نێو دەریاکە، دواتریش کاتێک پۆلیس دەبینن و چاوەڕێیان دەکات، هەوڵی هەڵاتن دەدەن، بەڵام کاتێک هەڵدێن لەلایەن ژمارەیەک گەشتیاری ناوچەکەوە دەستبەسەر دەکرێن.
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، لەنێو ئەو 13 کۆچبەرەی هەوڵی هەڵاتنیان دا، 9یان لەلایەن گەشتیارانەوە رادەستی پۆلیس دەکرێن و تەنیا چواریان لەدەست گەشتیارەکان و پۆلیس دەربازیان دەبێت.
میدیاکان باس لەوە دەکەن کۆچبەرەکان بە رەچەڵەک خەڵکی وڵاتانی باکووری ئەفریقان.
بەهۆی تووندکردنی رێکارەکان، ئەم ساڵ ژمارەیەکی کەمتر کۆچبەر روویان لە ئیسپانیا کردووە.
تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز، زیاتر لە 18 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئیسپانیا، ئەمەش زۆر کەمترە لە ژمارەی هەمان ماوەی پار کە زیاتر لە 27 هەزار کۆچبەر بوون و پار بە درێژایی ساڵەکە زیاتر لە 63 هەزار کۆچبەر روویان لە ئیسپانیا کردبوو.
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی ئەم ساڵ چوونەتە ئیسپانیا خەڵکی مەغریب، سەنیگال و مالی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ