رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەو بنکە سەربازییە نوێیانە دەکات کە ئامادە دەکرێن بۆ خزمەتی سەربازی. رەنگە یەکەم ئەرکیشیان دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززە بێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەوێ رایگەیاند، "پێویستە تێکشکاندنی دووژمن لە غەززە تەواو بکرێت، هەموو بارمتەکانمان ئازاد بکرێن و دڵنیایی بدرێت کە غەززە جارێکی دیکە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نەتەنیاهوو سەرپەرشتی کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیی وڵاتەکەی بکات، بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر پلانە نوێیە سەربازییەکەی سەرۆکوەزیران بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەرتی غەززە. بەڵام فەرماندە سەربازییەکان و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن دژی ئەو پلانەی نەتەنیاهوون.
ئێستا سوپای ئیسرائیل کۆنترۆلی لانیکەم 75٪ـی کەرتی غەززە کردووە.
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، "تازە بە سەرۆکوەزیرانم راگەیاند داگیرکردنی غەززە بیرۆکەیەکی زۆر خراپە. لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا، ئێمە ناچینە ناو جەنگ مەگەر زۆرینەی خەڵک پشتیوانی لێبکەن و خەڵکی ئیسرائیل ئارەزووی ئەم جەنگەیان نییە. ئێمە باجێکی زۆر قورس دەدەین. لە رووی مرۆیی و لە رووی ملیاران دۆلار لە پارەی باجدەرانی ئیسرائیلەوە."
رۆژی چوارشەممە، سوپا فەرمانێکی نوێی چۆڵکردنی بۆ بەشێک لە شاری غەززە لە باکوور و خان یونس لە باشووری کەرتەکە دەرکرد، گوتەبێژی سوپاش رایگەیاند، هێزە زەوینییەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ فراوانکردنی سنووری ئۆپەراسیۆنەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ