بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ رووداو: گفتوگۆی دەرهێنانی سووریا لە لیستی تیرۆر لەسەر راسپاردەی دۆناڵد ترەمپە

07-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەزارەتەکەیان سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە پێگەی سووریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانکاری تیرۆر، بۆ ئەوەی ئەگەر لەگەڵ رێکار و یاساکانی ئەمریکا بگونجێت، لە لیستەکە دەربهێنرێت. 
 
بەرپرسەکە گوتی، "لەسەر راسپاردەی سەرۆک [دۆناڵد] ترەمپ، وەزارەتی دەرەوە پێداچوونەوە بە بڕیاری پۆڵێنکردنی سووریا وەک وڵاتی پشتیوانکاری تیرۆر دەکات."
 
وێڕای ئەوەی لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە کانوونی یەکەمی پارەوە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر دیمەشق گۆڕاوە، بەرپرسەکە بە رووداوی گوت، "سووریا هێشتا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانکاری تیرۆردایە. سووریا لە ساڵی 1979ـەوە وەک وڵاتێکی پشتیوانکاری تیرۆر پۆڵێنکراوە."
 
بە گوتەی بەرپرسەکە، "ئەگەر بڕیار بدرێت سووریا لە لیستەکە دەربهێنرێت، ئەوا پێویست دەکات وەزارەتی دەرەوە و سەرۆک چەند هەنگاوێک بنێن."
 
سووریا لە پاڵ ئێران، کۆریای باکوور و کووبا لەنێو لیستی وڵاتانی پشتیوانکاری تیرۆردایە، کە حکومەتی ئەمریکا پێیوایە پشتیوانی لە "تیرۆری نێوەدەوڵەتی دەکەن." ئەوانەی لە نێو لیستەکەدان، یارمەتیی سەربازی و ئابووریی ئەمریکایان لێ سنووردار دەکرێت، چەکیان پێ نافرۆشرێت، سزای داراییان بەسەردا دەسەپێنرێت و قوربانییانی "تیرۆر" دەتوانن لە دادگەکانی ئەمریکا سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن. 
 
لە بارەی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ دەرهێنانی سووریا لە لیستەکە، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، پێویستی بە هەنگاوی کۆنگرێس دەبێت.
 
بەرپرسەکە دەڵێت، "یاسای ئەمریکا رێکاری تایبەتی بۆ لابردنی وڵاتان لە لیستی وڵاتانی پشتیوانکاری تیرۆردا هەیە. هەر هەنگاوێک پەیوەست بە پێگەی سووریا لەنێو لیستەکەدا بنرێت، لەسەر بنەمای ئەو یاسا و رێکارانە دەبێت کە لەلایەن کۆنگرێسەوە دانراون."
 
ئایاری ئەم ساڵ، ترەمپ کە سەردانی سعودیەی کرد، بە نێوەندگیری محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی شانشینەکە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا کۆبووەوە. ئەو کات رایگەیاند، سزاکان لەسەر سووریا کەمدەکاتەوە. 
 
مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، کۆنگرێسی ئەمریکا سووریای لە لیستی "وڵاتانی شەڕەنگێز" دەرهێنا. 
 
هەر لە کۆتایی ئەو مانگە، ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکاری بۆ کەمکردنەوەی سزا لەسەر سووریا واژۆ کرد، بەڵام سزاکانی سەر حکومەت و بەرپرسانی پێشووی سووریا هێشتنەوە. 
 
هەروەها 7ی تەممووز، ئەمریکا بە فەرمی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)ی لە لیستی رێکخراوە تیرۆرستییە بیانییەکان دەرهێنا.
 
هەتەشە کە دوای زیاتر لە 13 ساڵ شەڕی نێوخۆ، کانوونی یەکەمی پار بە هێرشێکی چەکداری خێرا کۆتایی بە دەسەڵاتی نیو سەدەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، لایەن شەرعەوە سەکردایەتیی دەکرێت، پێشتر ناوی بەرەی نوسرە بوو و لقێکی رێکخراوی قاعیدە بوو. 
 
بەڵام وێڕای هەموو ئەو هەنگاوانە، نیگەرانییەکانی واشنتن بەرامبەر حکومەتی راگوزەری سووریا و دۆخی نێوخۆی وڵاتەکە کۆتایی نەهاتوون، بەتایبەتی بەهۆی دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لە نێوان حکومەتی زۆرینە سوننەمەزهەبی دیمەشق لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی وڵاتەکە. 
 
دوای دروستبوونی شەڕ لە نێوان هۆزە عەرەبە سونییەکان و چەکدارانی دروز لە پارێزگەی سوەیدای باشووری سووریا، ئەمریکا نێوەندگیری کرد بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیێنرێت، بەڵام وێڕای ئاگربەستەکە، شەڕ و پێدادانەکان بە تەواوی نەوەستاون. 
 
واشنتن چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە بە مەرجی لەخۆگرتنی هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی داهاتووی سووریادا، پشتیوانی لە دیمەشق دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا