چین گەورەترین بەرهەمهێنەری پلاستیکە لە جیهاندا

07-08-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپۆرتێکی راوێژکاریی ژینگەیی بەریتانی "یونۆمیا" و گرووپی توێژینەوەی کەشوهەوا و وزەی "زیرۆ کاربۆن ئانالیتیکس"، لە ساڵی 2024 دا 7 وڵات دوو لەسەر سێی چوار باوترین جۆری پلاستیکیان لە جیهان بەرهەمهێناوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، چین بە تەنیا هێندەی 6 وڵاتی جیهان پلاستیک بەرهەمدەهێنێت. 
 
184 وڵات لە جنێڤ لە دانوستاندندان بۆ رێککەوتنێک کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک. 
 
توێژینەوەکەی یونۆمیا و زیرۆ کاربۆن ئانالیتیکس، تیشک دەخاتە سەر بەرهەمهێنانی بەربڵاوترین جۆرەکانی پۆلیمەری خاو، لەوانە: پۆلیئەسەلین (PE)، پۆلیپرۆپیلین (PP)، پۆلیئەسەلین و پۆلیستایرین (PS).
 
پۆلیمەر بریتییە لەو پلاستیکانەی کە مرۆڤ لە رێگەی پرۆسەی کیمیاییەوە لە تاقیگە و کارگەکاندا دروستیان دەکات. 
 
بەپێی توێژینەوەکە، چین لە ساڵی رابردوودا بەرپرس بووە لە 34٪ـی بەرهەمهێنانی ئەو چوار پۆلیمەرە سەرەکییانە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمریکا 13٪ و سعودیە 5٪ ئەو پۆلیمەرانەیان بەرهەم هێناوە. 
 
دوای ئەو وڵاتانە، کۆریای باشوور دێت کە ئەویش بە رێژەی 5٪ بەشدارە، پاشان هیندستان بە 4٪، ژاپۆن بە 3٪ و ئەڵمانیا بە 2٪.
 
بەپێی توێژینەوەیەکی کۆنتری کۆمپانیای دابینکردنی داتای وزە "وود ماکێنزی"، بەرهەمهێنانی پلاستیک لە دەستی ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیا زەبەلاحەکاندایە، کە هەندێکیان حکومین.
 
بەپێی راپۆرتەکە، تەنیا 18 کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهاندا لە ساڵی 2021 زیاتر لە نیوەی پۆلیمەرەکانی پلاستیکیان لە جیهاندا بەرهەمهێناوە.
 
وود ماکێنزی رایگەیاندووە، گەورەترین بەرهەمهێنەری جیهان کۆمپانیای حکومیی چینی "ساینۆپێک"ـە کە بە تەنیا 5.4٪ی پلاستیکی جیهان بەرهەمدەهێنێت.
 
دوای ئەویش، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی 5٪، کۆمپانیای فرەنەتەوەیی کیمیایی ئەمریکی لیۆندێلباسێل 4.5٪، کۆمپانیای نەوتی سعودیە ئارامکۆ 4.3٪ و پێترۆچاینا بە رێژەی 4.2٪ دێن. 
 
بەرهەمهێنەرە دیارەکانی ئەورووپاش بریتین لە کۆمپانیای "ینیۆس"ی بەریتانی کە بە رێژەی 2.8٪ لە پلەی حەوتەم دا دێت، کۆمپانیای "بۆریاڵس"ی نەمساوی بە رێژەی 2.3٪ لە پلەی دەیەمدا دێت و "تۆتاڵ ئێنێرجیز"ی فەرەنسی بە رێژەی 2٪ لە پلەی یازدەیمدا دێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە