کرێملین: رێککەوتن کراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا لووتکەیەک لەنێوان ترەمپ و پووتین بەڕێوەبچێت

07-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، لە "چەند رۆژی داهاتوو" ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئۆکراینا کۆدەبنەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نێوەندگیریی ئاشتی.
 
سەرۆکی رووسیا، ئیماراتی وەک شوێنێکی چاوەڕوانکراو بۆ لووتکەکەی لەگەڵ ترەمپ دیاریکردووە، بەڵام لە بنەڕەتدا کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رەتکردووەتەوە.
 
لووتکەی ترەمپ و پووتین، یەکەم لووتکە دەبێت لەنێوان سەرۆکانی ئەمریکا و رووسیا لەدوای کۆبوونەوەی جۆ بایدن و پووتین لە جنێڤ لە حوزەیرانی 2021. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترەمپ هەوڵی کۆتاییهێنان بە هێرشە سەربازییەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەدات.
 
سێ خولی دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ شکستیان هێناوە و هیچ پێشکەوتنێکیان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست بەدەستنەهێناوە.
 
رۆژی چوارشەممە، ترەمپ رایگەیاند کە "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا" ئەگەری هەیە رووبەڕوو لەگەڵ پووتین کۆببێتەوە.
 
دوایینجار لە ساڵی 2019 لە کاتی لووتکەی گرووپی 20 لە ژاپۆن لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا پێکەوە کۆبوونەوە، بەڵام لەوەتەی لە سەرەتای ئەمساڵدا گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، چەندین جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
 
پووتین رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "هەردوولا ئارەزووی خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سەرکردەکانی رووسیا و ئەمریکا نیشانداوە."
 
لە کاتێکدا لە تەنیشت شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیماراتەوە وەستابوو، پووتین گوتی، "زۆر هاوڕێمان هەن کە ئامادەن یارمەتیمان بدەن بۆ رێکخستنی ئەم جۆرە بۆنانە. یەکێک لە هاوڕێکانمان سەرۆکی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتووە."
 
پێشتر لە رۆژی پێنجشەممە، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری کرێملین رایگەیاند کە پلانی لووتکەیەکی دووقۆڵی "لەسەر پێشنیازی لایەنی ئەمریکی بووە."
 
ئوشاکۆڤ گوتیشی، "هەفتەی داهاتوو وەک کاتێکی ئامانجدار دیاریکراوە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەردوولا "لە بنەڕەتدا" لەسەر شوێنی کۆبوونەوەکە رێککەوتوون، بێ ئەوەی ناوی بهێنێت.
 
کۆبوونەوەی پووتین و زێلێنسکی؟ 
 
لەو کاتەوەی رووسیا لە شوباتی 2022 هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکردووە، دەیان هەزار کەس کوژراون.
 
بۆردوومانەکانی رووسیا ملیۆنان کەسیان ناچار بە ئاوارەبوون کردووە و بەشێکی بەرفراوانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینای وێران کردووە.
پووتین چەندین جار داواکارییەکانی ئەمریکا، ئەورووپا و کیێڤی بۆ ئاگربەست رەتکردووەتەوە.
 
لە دانوستاندنەکانی ئیستەنبووڵ، شاندی دانوستاندنکاری رووسیا داوایان کرد ئۆکراینا دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت کە رووسیا کۆنترۆڵی کردوون، ئەگەر ئۆکراینا بیەوێت رووسیا پێشڕەوییەکانی رابگرێت، داوایان لە کیێڤ کرد لە هەندێک ناوچە کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵیدایە بکشێتەوە و دەستبەرداری پشتیوانیی سەربازیی رۆژئاوا بێت.
 
هەواڵی لووتکە چاوەڕوانکراوەکە دوای ئەوە هات کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا لە مۆسکۆ چاوی بە پووتین کەوت.
 
ویتکۆف پێشنیازی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ زێلێنسکی کرد، بەڵام وا دیاربوو پووتین دانوستاندنی راستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا رەتکردەوە.
 
پووتین بە رۆژنامەڤانانی گوت، "بە گشتی هیچ کێشەیەکم لەگەڵی نییە، ئەوە کارێکی گونجاوە، بەڵام دەبێت هەندێک مەرجی بۆ دابین بکرێت،" و گوتیشی، "بەداخەوە، هێشتا زۆرمان ماوە بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە بارودۆخانە."
 
پووتین لە مانگی حوزەیراندا رایگەیاندبوو کە ئامادەیە چاوی بە زێلێنسکی بکەوێت، بەڵام تەنیا لە "قۆناخی کۆتایی" دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە.
 
پێشتر لە رۆژی پێنجشەممە، زێلێنسکی جارێکی دیکە داوای کرد لەگەڵ پووتین کۆببێتەوە، کە دەڵێت ئەوە تاکە رێگەیە بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی.
 
سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبووی، "پێویستە کاتی ئەم جۆرە کۆبوونەوەیە و ئەو پرسانەی کە دەبێت چارەسەر بکرێن دیاری بکرێن."
 
دواتر سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا قسەی کرد و داوایکرد کیشوەری ئەورووپا لە هەر دانوستاندنێکی ئاشتیدا بەشداربێت.
 
زێلێنسکی دوای پەیوەندییەکەی لەگەڵ مێرتس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رایگەیاند: "جەنگەکە لە ئەورووپایە و ئۆکرایناش بەشێکی دانەبڕاوی ئەورووپایە. ئێمە لە دانوستاندنداین بۆ ئەوەی ئۆکراینا ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا. بۆیە، دەبێت ئەورووپا لە پرۆسە پەیوەندیدارەکاندا بەشدار بێت."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا