رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای یەکێتی ئەوروپا سكاڵای چەند پەناخوازێکی سووریایی رەتکردەوە کە داوایاکردبوو لەلایەن ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی ئەوروپا (فرۆنتێکس) قەرەبوو بکرێنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن ئاژانسەکەوە لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا، دەستگیرکراون و رەوانەی تورکیا کراونەتەوە.
دادگەی باڵای یەکێتیی ئەوروپا کە بارەگاکەی لە لۆکسمبۆرگە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "سكاڵای دوو خێزانی سووریاییان رەتکردووەتەوە کە داوا دەکەن لەلایەن فرۆنێکسەوە قەرەبوو بکرێنەوە".
دادگەکە ئەوەشی راگەیاند، دوو خێزانە سووریاییەکە لە ساڵی 2016 دوای ئەوەی لە سنوورەکانی یۆنان لەلایەن ئاژانسی فرۆنتێکسەوە دەستگیرکراون، رەوانەی تورکیا کراونەتەوە و لە سکاڵاکەیاندا داوای 146 هەزار دۆلار قەرەبووکردنەوە دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەی دادگەکەی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە: "لەبەرئەوەی ئاژانسی فرۆنتێکس ناتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ داواکاریی مافی مانەوە بکات، ناتواندرێت بە بەرپرسیار دابنرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی پەناخوازەکان."
لە ساڵی 2015ـەوە کۆچی بەلێشاو بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەستیپێکرد و بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا، تەنیا لە ساڵی 2015 وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا 1.35 ملیۆن داواکاری مافی پەنابەرییان پێگەیشت و لە ساڵی 2016ـەش ژمارەکە 1.25 ملیۆن کەس داوای مافی مانەوەیان لە یەکێتییەکە کرد.
یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت ژمارەی چوونی کۆچبەر بۆ ئەو کیشوەرە پێش دەنگدانی پەرلەمانی یەکێتییەکە لە 2024 کەمبکاتەوە و رێگری لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا بکات.
رێکخراوانی مافی مرۆڤیش رەخنەی تووند لە یەکێتیی ئەوروپا دەگرن و باس لەوە دەکەن، سیاسەتی یەکێتییەکە بە ئاڕاستەی کۆچبەران لەگەڵ دیموکراسییەتدا یەکناگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ