رووداو دیجیتاڵ
رووسیا لە چوار هەرێمی ئۆکراینا کە دەستی بەسەردا گرتوون و بە خۆیەوە لکاندوونی، هەڵبژاردن دەکات. لە هەڵبژاردنەکە سەرۆکی هەرێمەکان، سەرۆک شارەوانییەکان و ئەندامانی پەرلەمانە خۆجێیەکانی هەرێمەکان هەڵدەبژێردرێن.
هەڵبژاردنەکە لە 10ـی ئەیلوولی ئەم مانگە، جگە لە هەرێمی کریمیا کە رووسیا لە ساڵی 2014ـەوە بە خۆیەوە لکاندوویەتی، لە هەریەکە لە هەرێمەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا بەڕێوەدەچێت.
هەڵبژاردنەکە لە چەند هەرێمێک بە هۆکاری ئەمنی پێشخرا و رۆژی 31-8-2023، لە هەردوو هەرێمی دۆنێتسک و زاپۆریژیا بەڕێوەچوو و بڕیاریشە لە رۆژی 10ـی ئەیلوول هەڵبژاردنەکە لە هەموو هەرێمەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی رووسیا بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنەکە ناڕەزایی بەرپرسانی ئۆکراینای لێکەوتووەتەوە و بە "نایاسایی" دایدەنێن و ئاماژە بەوە دەکەن کە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو هەرێمانە کاریگەری لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی دەبێت و تاوەکو رووسیا لەو ناوچانە نەکشێتەوە گفتوگۆی ئاشتی دەستپێناکات.
بەگوێرەی چەند ئامارێک کە بەرپرسانی رووسیا بڵاویانکردووەتەوە، بەربژێرەکانی رووسیا لەو هەرێمانەی ئۆکراینا کە رووسیا بەخۆیەوە لکاندوونی، لانیکەم 80٪ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە بەدەستدەهێنن.
لە ئەیلوولی 2023، رووسیا بەمەبەستی لکاندنی ئەو ناوچانە بە مۆسکۆوە، گشتپرسییەکی لە چوار هەرێمەکەی ئۆکراینا کرد و بەگوێرەی گشتپرسییەکە، زیاتر لە 93٪ دەنگیاندا بە لکاندنی هەرێمەکانیان بە رووسیا و دوای ئەوەش ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەفەرمی لکاندنی هەرێمەکانی بە رووسیاوە راگەیاند.
گشتپرسییەکە نیگەرانیی ئۆکراینا، وڵاتانی رۆژئاوا، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانی لێکەوتەوە و رایانگەیاند، گشتپرسییەکە "نایاسایی" بووە و ئەنجامەکانی گشتپرسییەکەش ناڕاستن.
لە کریمیا چی روویدا؟
ململانێ و ئاڵۆزییەکان لە ساڵی 2014ـوە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دروستبوون، دواتریش لە 27ی شوباتی هەمان ساڵ رووسیا کریمیای کۆنترۆڵکرد، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی رووسین و لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت چوونەتە ئۆکراینا. لە رۆژی 16ی ئازاری هەمان ساڵیش گشتپرسی لە کریمیا ئەنجامدا.
دواتریش سەرکردەکانی کریمیا رایانگەیاند، 97%ی خەڵک دەنگیان بە جیابوونەوە لە ئۆکراینا و چوونە پاڵ رووسیا داوە، رۆژی 21ی ئازاری 2014ش، رووسیا کریمیای بە فەرمی وەکو بەشێک لە خاکی رووسیا ناساند.
شەڕی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا لە مانگی شوباتی 2022 دەستیپێکرد و بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی شەڕەکەوە تاوەکو 18ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، نۆ هەزار و 83 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و 15 هەزار و 779 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ